رووداو دیجیتاڵ
تورکیا و سعودیە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی 2026دا دوو دوو یاداشتی لێکتێگەیشتنی نوێیان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی گواستنەوە و لۆجیستی واژۆ کرد. بەپێی یەکێک لە یاداشتەکان کە رۆژی سێشەممە، 9ی حوزەیرانی 2026 لە ریازی پایتەختی سعودیە واژۆ کرا، هێڵی مێژوویی شەمەندەفەری نێوان هەردوو وڵات دووبارە زیندوو دەکرێتەوە.
عەبدولقادر ئۆڕاڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، لە ریازی پایتەختی سعودیە لەگەڵ ساڵح بن ناسر ئەلجاسر، وەزیری گواستنەوە و خزمەتگوزارییە لۆجیستییەکانی سعودیە کۆبووەوە. ئۆڕاڵئۆغڵو لەم بارەیەوە رایگەیاند: "لەو قۆناخە هەستیارەی ناوچەکەمان پێیدا تێپەڕ دەبێت، بەردەوامیی بازرگانی و زنجیرەی لۆجیستی لە هەموو کات گرنگترە."
وەزیری گواستنەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی گۆڕانکارییە لۆجیستی و ئابوورییەکان لەسەر رێڕەوەکانی سووریا، ئوردن و عێراق لە نزیکەوە دەبینێت و پێویستی و جێبەجێکردنی ئەم هێڵەی ئاسنینەی سەلماندووە.
ئەم هێڵە کە لە تورکیاوە دەستپێدەکات و بە ئوردن و سووریادا تێپەڕ دەبێت تاوەکو دەگاتە سعودیە، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی تەنگەی هورمز و پچڕانی سیستمی دابینکردنی جیهانی، چاوەڕواندەکرێت ئاسانکارییەکی گەورە بۆ بازرگانیی نێوان ئاسیا، ئەورووپا و وڵاتانی کەنداو دابین بکات.
لە 3ی حوزەیرانی 2026 ئوراڵئۆغڵو لە لێدوانێکدا رایگەیاندبوو: "بۆ پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەری هاوچەرخی حیجاز، لە قۆناخی یەکەمدا هێڵێک لە تورکیاوە بۆ حەلەب دەبەستینەوە." ئەوەش لە رێگەی گەیاندنی تۆڕی هێڵەکانی ئاسنینی تورکیا لە ئیسڵاحیەی باکووری کوردستان بۆ سەر سنورری نێوان تورکیا و سووریا و بەستنەوەی بەو هێڵە کە لە حەلەبەوە بۆ سەر سنوور دەهێندرێت.
هێڵی حەلەب-شام-ئوردن خۆی لە بنەڕەتدا هەیە. ئۆراڵئۆغلو رایگەیاند :" کە ئامانجی کۆتاییمان ئەوەیە هێڵەکە تاوەکو بەندەری سوحار لە عومان درێژ بکرێتەوە بگەینە سەر کەنداوی عومان و جێگرەوەیەک بۆ تەنگەی هورمز دروست بکەین."
لەلایەکی دیکەوە چاوەرواندەکرێت ئەو هێڵە بە پڕۆژەی تۆڕی شەمەندەفەری کەنداو ببەسترێتەوە، کە ئامانجی دروستکردنی هێڵێکی یەکگرتووە بۆ بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو بەیەکەوە. ئەمە رێگە خۆش دەکات بۆ دروستکردنی هێڵێکی ئاسنینی بەردەوام کە لە تورکیاوە بۆ تەواوی وڵاتانی کەنداو درێژ دەبێتەوە؛ بەمەش رێڕەوێکی وشکانیی ستراتیژی بۆ بەستنەوەی ئاسیا بە ئەورووپا دروست دەبێت.
ساڵح ئەلجاسر، وەزیری گواستنەوە و خزمەتگوزارییە لۆجیستییەکانی سعودیە، لە تشرینی یەکەمی 2026 لە لێدوانێکدا پشتڕاستی کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان بۆ بەستنەوەی هێڵی شەمەندەفەر لەگەڵ تورکیا، لە رێگەی ئوردن و سووریاوە، پێش کۆتاییهاتنی 2026 بە تەواوی کۆتاییان دێت. ئەلجاسر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی تەواوکاریی هەرێمی، پشتگیریکردنی جووڵەی بازرگانی و گەشەپێدانی سیستمی گواستنەوەی وشکانیی بەردەوام لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا.
تاوەکو ئێستا تێچووی ئەو پرۆژەیە دیار نییە و هیچ بڕە پارەیەک لەلایەن وڵاتانی بەشداربوو دیاری نەکراوە. بەگوێرەی گوتەکانی وەزیری گواستنەوەی تورکیا ئێستا لە قۆناخی لێکۆڵینەوەی تەکنیکین و رووپێوێکی مەیدانی بۆ پرۆژەکە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن هێڵە کۆنەکە لە کوێ نۆژەنکردنەوەی پێویستە یان پێویستی بە دووبارە دروستکردنەوە هەیە.
ئۆراڵئۆغڵو رایگەیاند: "هێشتا زووە بۆ راگەیاندنی ژمارەیەکی دیاریکراو بۆ تێچووی گشتی. ئامانجی سەرەکیمان ئێستا روونکردنەوەی پێداویستییە وردەکانە لەسەر درێژایی رێڕەوی هێڵەکە و ئەو کارە تەکنیکییانەی کە پێویستن بۆی. پێداویستییەکانی وەبەرهێنان و دابینکردنی دارایی تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ روونتر دەبێتەوە. دوای ئەوە، لەگەڵ وڵاتانی پەیوەندیدار دەست دەکەین بە کارکردن لەسەر پرۆگرامی وەبەرهێنانی هاوبەش و پلانی وردی جێبەجێکردن".
بەپێی گوتەی ئوراڵئۆغڵو، ژێرخانی بەشێک لەهێڵەکە کە لە ناوخۆی سووریادا ماوە دروست بکرێت، بە پاڵپشتیی تورکیا تەواو دەکرێت. وەزیری گواستنەوەی تورکیا پێیوایە لە حەلەب بۆ تورکیا رێڕەوێکی 100-110 کیلۆمەتری ماوە بۆ پرۆژەکە کە نزیکەی 110 ملیۆن دۆلاری پێویستە، تورکیا کار بۆ تەواوکردنی ئەو بەشە دەکات. ئوردنیش لێکۆڵینەوە لە توانا تەکنیکییەکان بۆ چاککردنەوە و کارپێکردنی شەمەندەفەرەکان لە سووریا دەکات.
ئۆراڵئۆغلو ئاماژە بەوە دەکات کە نزیکەی 400 کیلۆمەتر لە هێڵەکە دەکەوێتە نێوان سووریا و ئوردن و دەبێت کاری لەسەر بکرێت. وەزیری گواستنەوەی تورکیا رایگەیاند، سێ وڵاتەکە لە 11ی ئەیلوولی 2025 لە عەممانی پایتەختی ئوردن لەسەر رەشنووسی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەم بارەیەوە رێککەوتوون.
تورکیا لە رێگەی بەندەری عەقەبەوە دەگاتە دەریای سوور
پرۆژەکە تەنیا هێڵی ئاسن ناگرێتەوە، بەڵکو دەروازەیەکی نوێی ئابووری بۆ تورکیا دەکاتەوە. وەزیری گواستنەوەی تورکیا ئاشکرای کرد، کار لەسەر پەرەپێدانی رێڕەوی گواستنەوە دەکرێت بۆ ئەوەی تورکیا لە رێگەی بەندەری عەقەبەوە بگاتە دەریای سوور؛ هاوكات کار دەکرێت بۆ گەیاندنی سووریا و ئوردن بە رێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی گواستنەوە لە رێگەی خاکی تورکیاوە. هێڵی شەمەندەفەر هاوچەرخی حیجاز کە لە ئوردن بە بەندەری وشکانی (مەعان)ەوە تێپەڕ دەبێت، لەوێ لەگەڵ هێڵی ئاسنینی نێوان مەعان – عەقەبە دەبەسترێتەوە، تورکیا لە رێگەی بەندەری عەقەبەوە دەگەیێنێتە سەر دەریای سوور.
عەبدولقادر ئۆراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی نێوان تورکیا، سووریا و ئوردندا لە 11ی ئەیلوولی 2025، پرسی دروستکردنی رێڕەوی نوێی گواستنەوە کە بەستنەوەی تورکیا بە دەریای سوورەوە لە رێگەی بەندەری عەقەبەوە خراوەتە کارنامەی گفتوگۆکانەوە.
خەونە نیوەچڵەکەی سوڵتان عەبدولحەمید
ئەم پرۆژەیە بە زیندووکردنەوەی یەکێک لە کۆتا پڕۆژە گەورەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دادەنرێت، بڕیار بوو ئەنقەرە و ئەستەنبووڵ بە مەککە ببەستێتەوە. ئەم هێڵە کە لە یادەوەرییەکانی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمدا وەک "خەونی کۆن" ناوزەد کراوە و بە "هێڵی شەمەندەفەری حەمیدیەی حیجاز" دەناسرێت، لە 2ـی ئایاری 1900ـدا بە فەرمانێکی فەرمیی پادشا راگەیەندرا و کارەکانی لە ئەیلوولی هەمان ساڵدا لە شام دەستیپێکرد.
بڕیار بوو درێژیی هێڵەکە 1400 کیلۆمەتر بێت و بگاتە مەککە و مەدینە، بۆ ئەوەی گەشتی حەج بۆ موسڵمانان ئاسان بکات. بەڵام شارەزایان پێیانوایە عوسمانییەکان ئامانجێکی دیکەشیان هەبوو، ئەویش بەهێزکردنی کۆنترۆڵی ناوەندی و ئاسانکاریی گواستنەوەی سەربازی بوو بۆ ئەو ناوچانە. هێڵەکە لە ئەیلوولی 1908 تاوەکو مەدینە (1322 کم) تەواو بوو، بەڵام هەرگیز نەگەیشتە مەککە و لە جەنگی جیهانی یەکەمدا پەکیکەوت.
.jpg&w=3840&q=75)

