رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە دەڵێ، هێڵی سەرەکیی بۆریی گواستنەوەی نەوتی وڵاتەکەی بە چەند درۆنێک کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستە کرابوون کراوەتە ئامانج و ئەوەش بریندار و زیانی مادی لێکەوتووەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریان داوە لەم قۆناخەدا وەڵام نەدەنەوە.
رۆژی هەینی، 11ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی بۆریی نەوتی ناسراو بە (رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوا)ی وڵاتەکەی کرد لە هەردوو پارێزگای ریاز و مەدینە، بە "چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوان" هێرشی کراوەتە سەر.
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە دەڵێ: "ئەو درۆنانەی هێرشەکەیان پێ ئەنجامدراوە لە خاکی عێراقەوە ئاراستە کراون و بەهۆی هێرشەکەوە چەند کەسێک بریندار بوون و زیانی مادیش بەر شوێنەکە کەوتووە و ئێستا کاری چارەسەرکردنیان بۆ دەکرێ."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی سعودیە، هۆکاری وەڵامنەدانەوەی هێرشەکە بۆ داواکارییەکی حکومەتی عێراق دەگەڕێتەوە و دەڵێت: "لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رەخساندنی دەرفەت لەبەردەم حکومەتی وڵاتەکەی، تاوەکو رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لەو پەلامارانەی لە خاکی عێراقەوە دەکرێنە سەر سعودیە و وڵاتانی دراوسێ، شانشینی سعودیە بڕیاری دا لەم قۆناخەدا وەڵام نەداتەوە و پاڵپشتی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بکات."
لە هەمان کاتدا ئاماژە بەوەش دەکات کە سعودیە مافی خۆی دەپارێزێ لە گرتنەبەری سەرجەم رێوشوێنە پێویستەکان "بۆ پاراستنی سەروەری، ئاسایش، دامەزراوەکان، هاووڵاتییان و نیشتەجێبووانی سەر خاکەکەی."
پێش راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوە، میدیای فەرمیی سعودیە بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە وەک هەنگاوێکی پێشوەختە و بۆ سەلامەتیی گشتی، هەناردەکردنی نەوتیان لەڕێگەی بۆریی (رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوا) راگرت، تاوەکو رێگری لە هەر ئەگەرێکی تەقینەوەی گەورە لە کاتی گواستنەوەی نەوتدا بکرێ.
بۆریی نەوتی (رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوا) یەکێکە لە گرنگترین ژێرخانە ستراتیژییەکانی وزەی سعودیە، لە ساڵی 1980 دەست بە دروستکردنی کرا و لە ساڵی 1981 تەواو بوو. ئەم بۆرییە دەتوانێت رۆژانە 7 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی سعودیەوە بگوازێتەوە بۆ بەندەرەکانی رۆژئاوای وڵاتەکە لەسەر دەریای سوور، ئەمەش وەک رێگەیەکی سەرەکی دادەنرێت بۆ هەناردەکردنی نەوتی سعودیە بەبێ ئەوەی پێویست بکات بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕێت.


