رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرەیان تاوتوێ کرد. ئەردۆغان بانگهێشتی زەیدی دەکات بۆ سەردانکردنی وڵاتەکەی.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 22ی حوزەیرانی 2026، عەلی فالح زەیدی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجام داوە و تێیدا باسیان لە چەند دۆسیەیەکی سەرەکی کردووە، "لە سەروویانەوە پرسی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی بۆریی کەرکووک - جەیهان و کارکردنی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی میکانیزمەکانی گەیاندنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا."
لەبارەی پرسی ئاو کە یەکێکە لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات، هەردوولا جەختیان لە "گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ و هاوئاهەنگی بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی هاوبەش کە بەرژەوەندیی هەردوو وڵات بپارێزێت" کردەوە؛ هەروەها باسیان لە واژۆکردنی رێککەوتننامە و یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بوارەکانی گاز و کشتوکاڵ کرد بۆ بەهێزکردنی هاوبەشیی ئابووری.
تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکە رێگەی گەشەپێدان بوو؛ هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی ئەم پڕۆژەیە و رۆڵە ستراتیژییەکەی لە بەستنەوەی ئابووری و بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات و ناوچەکە و جەختیان کردەوە لە "بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بەهۆی ئەو بایەخە گەورەیەی بۆ عێراق و تورکیا هەیەتی."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بانگهێشتی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد بۆ سەردانکردنی ئەنقەرە، کە بڕیارە لە کۆتایی مانگی تەممووزی داهاتوودا بیکات، ئەوەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆسیە دوو قۆڵییەکان، بەتایبەتی دەستپێکردنی هەنگاوە کردەییەکانی رێگەی گەشەپێدان."
عەلی فالح زەیدی داوای کردووە کۆمپانیاکانی تورکیا وەبەرهێنان لە عێراق بکەن و سوود لەو دەرفەتە وەبەرهێنانانە وەربگرن کە لە کەرتە جیاوازەکاندا هەیە، هەروەها ئاماژەی بە "گرنگیی رۆڵی کەرتی تایبەت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات" کردووە.


