رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە فەرمی رۆژنامەی هارتس و پەیامنێرەکانی بە "هەڵبەستنی زانیاریی ناڕاست" تۆمەتبار دەکات و رایدەگەیێنێت سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەکات؛ ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێک کە تێیدا هاتووە نەتەنیاهوو هۆشدارییەکی ئیماراتی لەبارەی هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر پشتگوێ خستووە.
پارتی لیکودی نەتەنیاهوو لە راگەیێندراوێکی توونددا ئاماژەی بەوە کرد، بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە "دەستوەردانی بیانییە" لە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، کە بڕیارە لە 27ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت. لیکود داوای کردووە لێکۆڵینەوەی تاوانکاری لە رۆژنامەی (هارتس)، رۆژنامەنووسانی شلۆمی ئێڵدار و رووت یوڤاڵ و یائیر گۆلان، سەرۆکی پارتی دیموکراتەکانی ئۆپۆزیسیۆن بکرێت.
ئەم مشتومڕە دوای ئەوە هات کە رۆژنامەی هارتس راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات، نزیکەی دە رۆژ بەر لە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی 45 خولەکیدا هۆشداریی دابووە نەتەنیاهوو کە یەحیا سنوار، سەرۆکی ئەوکاتی حەماس لە غەززە، خەریکی پلاندانانە بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورە بۆ سەر ئیسرائیل. بەپێی راپۆرتەکە، نەتەنیاهوو ئەم هۆشدارییەی پشتگوێخستووە و بە سەرۆکی دەزگاکانی مۆساد، شاباک و سوپا رانەگەیاندووە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە تووندی ئەو راپۆرتەی رەتکردەوە و بە "هەڵبەستراوێکی پڕ لە کینە" وەسفی کرد و رایگەیاند، نەتەنیاهوو سکاڵای یاسایی لەسەر رۆژنامەکە و پەیامنێرەکانی تۆمار دەکات. پارتی لیکودیش بانگەشەی ئەوە دەکات کە محەممەد دەحلان، کەسایەتیی سیاسیی فەلەستینیی نیشتەجێی ئیمارات، لەپشت دزەپێکردنی ئەم زانیارییانەوەیە تاوەکو هاوکاریی ئۆپۆزیسیۆن بکات بۆ رووخاندنی حکومەتەکەی نەتەنیاهوو. لیکود دەڵێت دەحلان دەیەوێت لە رێگەی هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنەوە هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە بکشێنێتەوە تاوەکو خۆی کۆنترۆڵی ناوچەکە بگرێتە دەست.
بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە، تەنیا دوو هەفتە بەر لە هەڵبژاردنەکان، بووەتە کارتێکی بەهێز لە دەستی ئۆپۆزیسیۆن. سەرکردەکانی وەک یائیر گۆلان، گادی ئایزنکۆت و نەفتالی بێنێت، نەتەنیاهوویان بە "ناشایستە" بۆ بەردەوامبوون لە پۆستەکەی وەسف کرد. گۆلان رایگەیاند، نەتەنیاهوو هەوڵ دەدات لە رێگەی تۆمەتبارکردنی میدیاکان و "دەستوەردانی بیانی"، سەرنجی خەڵک لە شکستە ئەمنییەکانی خۆی دوور بخاتەوە.
ئۆپۆزیسیۆن داوا دەکات دەستبەجێ لیژنەیەکی نیشتمانیی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر پێکبهێندرێت.
لە لایەکی دیکەوە، لیکود گومانی لەسەر سەردانێکی نهێنیی یائیر گۆلان و رۆنێن بار، سەرۆکی پێشووی شاباک بۆ ئیمارات دروست کردووە کە دوو مانگ لەمەوبەر کردبوویان و دەڵێن رەنگە پەیوەندی بەم راپۆرتەی هارتسەوە هەبێت؛ بەڵام هیچ بەڵگەیەکیان بۆ ئەو بانگەشانە پێشکەش نەکردووە.
حکومەتی ئیمارات تاوەکو ئێستا بە فەرمی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی پشتڕاست نەکردووەتەوە و تەنیا ئاماژەی بەوە کردووە کە وڵاتەکە زانیارییە هەواڵگرییەکان لە کاتی پێویستدا لەگەڵ ئیسرائیل ئاڵوگۆڕدەکات.


