رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکا راستن کە ئێران هەوڵدەداتەوە چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت. دەشڵێت، تاوەکو ئەو سەرۆکوەزیران بێت رێگەنادات تاران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆم.
رۆژی پێنجشەممە، 10ی ئەیلوولی 2026، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ڤیدیۆیەکدا پەیامێکی لە ئێکس بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکا راستن کە ئێران هەوڵدەداتەوە چەکی ئەتۆم بەدەستبهێنێت"؛ دەشڵێت، "توانای ئەتۆمی ئەوانمان تێکشکاند، بەڵام هەوڵی بنیاتنانەوەی دەدەن".
28ی شوباتی ئەم ساڵ، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران. حوزەیرانی 2025یش، ئیسرائیل هێرشیکردە سەر ئەو وڵاتە و جەنگێکی 12 رۆژیان کرد. لە جەنگەکەی پاردا ئەمریکا چووە پاڵ ئیسرائیل و هێرشیکردە سەر سێ بنکەی ئەتۆمی ئێران.
ئەو کات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەیان بە لەنێوبردنی توانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە کرد. ئەمە بەبێ پشتڕاستکردنەوەی چارەنووسی ئەو 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمە بەرزپیتێندراوەی ئەو وڵاتە هەیبوو.
نەتەنیاهوو لە ڤیدیۆکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "تاوەکو من سەرۆکوەزیران بم دژایەتی بوونە خاوەن چەکی ئەتۆمی ئێران دەکەم".
ئەو گوتانەی نەتەنیاهوو لە کاتێکدان بڕیارە مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەو وڵاتە بکرێت و بە گوێرەی راپرسییەکانی میدیای ئیسرائیلیش، پارتەکەی نەتەنیاهوو و هاوپەیمانەکانیان ناتوانن زۆرینەی پەرلەمانی ببەنەوە.
بەشێکی دیکەی گوتەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پەیوەندی بە رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەوە هەبوو کە لەسەر وڵاتەکەین. لەو بارەیەوە نەتەنیاهوو گوتی، "هێرشدەکەینە سەر گرووپەکانی نزیک لە ئێران لە غەززە و لوبنان و بنکە و بارەگای زیاتری حیزبوڵـڵا تێکدەشکێنین".
نزیکەی سێ ساڵە ئیسرائیل و حیزبوڵـڵای لوبنان لە جەنگدان. تاوەکو ئێستاش ئەمریکا چەند جارێک هەوڵیداوە هەردوولا بگەنە رێککەوتن و کۆتایی بە جەنگ بهێنن بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.



