رووداو دیجیتاڵ
درۆنی "حەمزە-1" کە بەرهەمی هاوبەشی تورکیا و میسرە، هەنگاوێکی نوێ دەنێت و دەچێتە قۆناخی بازاڕکردن و فرۆشتنەوە.
لە چوارچێوەی پێشانگەی نێودەوڵەتیی فڕینی ئەلعەلەمێن 2026 لە میسر، کۆمپانیای "هاڤێلسان"ـی تورکی و دەستەی گەشەپێدانی پیشەسازیی عەرەبیی میسری، رێککەوتنێکی نوێیان بۆ فرۆشتنی درۆنی "حەمزە-1" واژۆ کرد.
ئەم رێککەوتنە درێژەپێدەری هاوکارییە ستراتیژییەکانی نێوان ئەنقەرە و قاهیرەیە، کە لە 26ـی ئابی 2025ـەوە بۆ دروستکردنی درۆن دەستی پێکردبوو. یەکەم نموونەی ئەم درۆنەش لە کۆتایی ساڵی 2025 لە پێشانگەیەکدا لە قاهیرە نمایش کرابوو.
تایبەتمەندییەکانی "حەمزە-1"
سیستمی درۆنی "حەمزە-1" توانای ئەندازیاری و تەکنەلۆژیای کۆمپانیای "هاڤێلسان" لەگەڵ ژێرخانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی میسر یەکدەخات.
ئەم درۆنە خاوەن توانای فڕین و نیشتنەوەی ستوونییە (VTOL)، ئەمەش وا لێدەکات لە ناوچە سەختەکاندا کار بکات. هەروەها بەتایبەتی بۆ کارکردن بە کاراییەکی بەرز لە مەرجە سەختەکانی بیابانەکانی ئەفریقا و جوگرافیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گونجێندراوە و توانای پشکنین، چاودێریکردن و ئەرکی سەربەخۆی هەیە.
پەرەپێدانی ئەم هاوکارییە سەربازی و پیشەسازییە بەرگرییە لەنێوان ئەنقەرە و قاهیرە، بەشێکە لە قۆناخی نوێی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی هەردوو وڵات لە ناوچەکەدا.
کۆمپانیای "هاڤێلسان" یەکێکە لە ناوەندە سەرەکییەکانی گەشەپێدانی سیستمە خۆکارەکان سەر بە دامەزراوەی هێزە چەکدارەکانی تورکیا، لە بەرامبەردا دەستەی گەشەپێدانی پیشەسازیی عەرەبی لە میسر یەکێکە لە گەورەترین دامەزراوە پیشەسازی و سەربازییەکانی ناوچەکە.



