رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بێت، لە باشووری لوبنان بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیان دەمێننەوە.
نەتەنیاهوو هەروەها بەڵێنی دا بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، تەنانەت ئەگەر گۆڕانکاریی سیاسییش لە ناوچەکەدا رووبدات.
رۆژی یەکشەممە، 21ی حوزەیرانی 2026، نەتەنیاهوو گوتی، ئیسرائیل لەو ناوچە تەناهییەی لە باشووری لوبنان دروستی کردووە، دەمێنێتەوە: "ئێمە سەرکەوتنی گرنگمان بەدەست هێناوە و دەستبەرداریان نابین. لە ناوچەی 'پشتێنەی ئەمنی' لە باشووری لوبنان دەمێنینەوە تاوەکو ئەو کاتەی پاراستنی هەموو هاووڵاتییانی ئیسرائیل ئەوە بخوازێت."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد هیچ شتێک ناتوانێت ئەم بڕیارە بگۆڕێت و چیدیکە پاشەکشە ناکەن.
لە لایەکی دیکەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکایی، لە سویسرا دانی بەوەدا نا دۆخی لوبنان دەکرێت ببێتە هۆی پەکخستنی دانوستاندنەکان، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سەرپەرشتیی هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات.
ڤانس گوتی: "سەرەڕای هەواڵەکان، لە راستیدا دۆخەکە بەرەو باشتربوون دەچێت؛ ئێمە بەردەوام دەبین لە بەڕێوەبردنی دۆخەکە تاوەکو ئیسرائیل و لوبنان هەردووکیان ئارام بن."
کاردانەوەی حیزبوڵڵا
دوای قسەکانی نەتەنیاهوو، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا، لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنییدا رایگەیاند، مانەوەی سەربازانی ئیسرائیل لەنێو خاکی لوبنان مەحاڵە. گوتیشی: "هیچ ناوچەیەکی تەناهی بۆ ئیسرائیل لەنێو لوبنان بوونی نییە؛ ئێمە سوپایەکی نیشتمانیمان هەیە بەرپرسە لە پاراستنی سەروەریی وڵات و ئێمەش هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو سوپایە دەکەین."
هۆشداریی ئەتۆمی بۆ تاران
سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڵوێستێکی تووندی نیشان دا: "تاوەکو ئەو کاتەی من وەک سەرۆکوەزیران لەسەر کار بم، رێگە نادەم ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان، شاندی باڵای ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس و شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی محەممەد باقر قاڵیباف، بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەسەر یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئاشتی لە هاوینەهەواری "بۆرگێنشتاک" لە سویسران. ئەم کۆبوونەوەیە بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی وردەکارییەکانی یاداشتنامەیەکی 14 خاڵییە کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگی 107 رۆژەی ئێران.



