رووداو دیجیتاڵ
دەستەی چاودێریی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند، ژمارەیەک کەشتی لە ناوچەی کەنداو رووبەڕووی تەقەکردن بوونەتەوە، کە یەکێکیان لە سنووری ئاوە هەرێمییەکانی عێراقدا پێکراوە.
ڕۆژی چوارشەممە، 9ی ئەیلوولی 2026، تاران رایگەیاند، لە نوێترین هێرشەکانیدا 20 کەشتی کردووەتە ئامانج کە هەوڵیانداوە لە تەنگەی هورمزەوە تێپەڕ ببن.
ئێران بەردەوامە لە داخستنی تەنگەی ستراتیژیی هورمز، لە بەرامبەردا واشنتن بەردەوامە لە گوشارەکانی بۆ گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران.
دەستەی چاودێریی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند، راپۆرتێکی پێگەیشتووە دەربارەی پێکانی کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە دووریی 28 مایلی دەریایی لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری بەندەری فاو لە عێراق.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، کاژێر 5:30ی بەیانی بە کاتی بەغدا، کەشتییەکی نەوتهەڵگر کە ئاڵای پەنەمای لەسەر بووە، لەلایەن "سەرچاوەیەکی نەزانراوەوە" لە سنووری ئاوە هەرێمییەکانی عێراقدا هێرشی کراوەتە سەر و زیان بەر کەشتییەکە کەوتووە.
پێشتریش دەستەکە رایگەیاندبوو، "چەند کەشتییەکی بازرگانی لە باکووری کەنداوی عەرەبی و کەنداوی عومان" لە چوارچێوەی چالاکییە سەربازییە بەردەوامەکانی ناوچەکەدا کارپێکردنیان پەکخراوە.
هەروەها راپۆرتێک لەبارەی کەشتییەکی دیکە لە دووریی 24 مایلی دەریایی لە باکووری رۆژئاوای بەندەری راشد لە ئیمارات بڵاوکرایەوە کە نزیک بوو ژێرئاوبکەوێت؛ بەپێی راپۆرتەکە، رەنگە هۆکارەکەی هێرشێک بووبێت و ئاو چووبێتە ناو کەشتییەکەوە.
لە لایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەشتیی ئەمریکی، هەشت کەشتیی نەوتهەڵگر و 10 کەشتیی دیکە کە پابەندی رێنماییەکان نەبوون و هەوڵیانداوە لە تەنگەی هورمز تێپەڕ ببن.
ئەم هێرشەی تاران دوای ئەوە هات ئەمریکا هێرشی کردە سەر چەند کەشتییەکی ئێرانی، هاوکات تاران هەڕەشەی کردووە کە هێرش دەکاتە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە نزیک ئاوەکانی کوێت و بەحرێن.


