رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە سەردانێکیدا بۆ ناوچەکانی باشووری سووریا رایگەیاند، ئێران لە لێواری رووخاندایە.
رۆژی چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، نەتانیاهوو لەگەڵ یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سەردانی هێزەکانی وڵاتەکەیانی لە باشووری سووریا کرد. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: "هێشتا کارمان ماوە بیکەین؛ ئەرکی سەرەکی بریتییە لە رووخاندنی رژێمە تیرۆریستەکەی ئێران. ئێمە زۆر لەوەوە نزیکین."
هێزەکانی ئیسرائیل لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024ـدا، لە باشووری سووریا جێگیر بوون. ئەو ناوچەیەی ئێستا ئیسرائیل کۆنترۆڵی کردووە، پێشتر ناوچەیەکی داماڵدراو لە چەک بوو بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لە ساڵی 1974ـەوە هێزەکانی ئیسرائیل و سووریای لە بەرزاییەکانی گۆلان لێک جیا دەکردەوە.
نەتانیاهوو گوتی: "رێگە بە هیچ سوپایەکی تیرۆریستی نادەین لەسەر سنوورەکانمان جێگیر بێت."
دوو هەفتە پێشتر، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سەردانی ناوچەکانی باشووری سووریای کرد، ئەمەش شەپۆلێک لە سەرکۆنەکردنی لەلایەن دیمەشقەوە لێکەوتەوە و بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری و سەلامەتیی خاکی وڵاتەکە" وەسف کرا.
لە دوای رووخانی ئەسەدەوە، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر ئامانجەکان لە ناوخۆی سووریا و چەندین جار بەشێوەی مەیدانی چووەتە ناو خاکی ئەو وڵاتەوە. بەرپرسانی ئیسرائیلیش چەندین جار رایانگەیاندووە، هێزەکانیان لە ناوچە ئەمنییەکەدا دەهێڵنەوە و هەوڵی دروستکردنی ناوچەیەکی داماڵدراوی فراوانتر لە چەک دەدەن.


