رووداو دیجیتاڵ
چەند هاونیشتمانییەک بە رووداویان گوت، بەشێکی زۆری رێگەی سماقووڵی بە تەواوی تێکچووە و زیان بە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان دەگەیێنێت. بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی پارێزگای هەولێر دەڵێ، مانگی داهاتوو نۆژەنی دەکەنەوە.
رێگەی سماقووڵی یەکێکە لە رێگە سەرەکییەکانی بەستنەوەی ئیدارەی راپەڕین بە هەولێرەوە؛ هەروەها بۆ هاتووچۆی سلێمانی و هەولێریش بەکاردێت و بەشێکی سەرەکیی رێگەکە قیرەکەی بە تەواوی تێکچووە.
هونەر نووری، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە 30ی ئایار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە هەردوو دیوی بەنداوی سماقووڵییەوە رێگەکە بە تەواوی تێکچووە و مانگی داهاتوو نۆژەنکردنەوەی دەستپێدەکات."
بەڕێوەبەری رێگەوبانی هەولێر گوتی، "دواکەوتنی چاککردنی رێگەکە و بە دووسایکردنی پەیوەندی بە نەبوونی بودجە و پارەی نەختینە و وەرزی باران و سەرماوە هەبوو، بەڵام لە 15 بۆ 20ی مانگی داهاتوو چاککردنەوەی رێگەکە دەستپێدەکات و چاڵوچۆڵییەکان چاک دەکرێن."
هونەر نووری گوتی، تاوەکو ئەمڕۆ روون نییە لە داهاتوودا ئەو رێگەیە دەکرێتە دووساید یان رێگەیەکی دیکە دەکرێ و ئەوە بەکارناهێندرێ، چونکە ئێستا گفتوگۆ لە پلانەکەدا دەکرێت.
بەڕێوەبەری رێگەوبانی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، چاککردنەوەی رێگەکە لەلایەن دوو تیمی بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبانی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبانی قەزای کۆیەوە دەکرێ.
