رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دابەشکردنی نەوت و کانزاکانی سلێمانی دەڵێ، ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی رابردووی تانجەرۆ و ئەوەی ئەمڕۆ هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری نەبووە.
رۆژی سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، محەممەد حەسیب، بەڕێوەبەری دابەشکردنی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "ئاگرکەوتنەوەکەی دوێنێ شەو، ئەوەی ئەمڕۆش هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دابەشکردنی بەنزین نەبووە".
لەبارەی رووداوەکەی دوێنێ شەو، محەممەد حەسیب گوتی: "ئەو سووتەمەنییەی لە کۆگاکەدا گڕی گرت، بەنزینی بازرگانی بوو نەوەک ئەو بەنزینەی حکومەت دابەشی دەکات".
بەڕێوەبەری دابەشکردنی نەوت دەڵێ، دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری بە نرخی پاڵپشتیکراو بەردەوامە و لە 16 بەنزینخانە بەردەستە، پرۆسەکەش وەک چەند رۆژی پێشوو ئاساییە؛ گوتیشی: "لیژنەیەک پێکدێ بۆ خەمڵاندنی زیانەکانی رووداوەکەی دوێنێ شەوی تانجەڕۆ".
شەوی رابردوو ئاگر لە کۆگایەکی سووتەمەنی لە تانجەرۆی سلێمانی کەوتەوە، کە زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر بەنزین و گازی تێدابوو. بەو هۆیەوە کارگەیەکی قیر و چەندین کۆگای دیکەی نزیک لە شوێنی رووداوەکە سووتان.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی، 41 کەس لە رووداوەکەدا بریندار بوون، شەشیان کارمەندی بەرگریی شارستانین.
ئەمڕۆ نزیک کاژێر 06:30ـی ئێوارە بەنزیخانەی نێو باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی گڕی گرت.




