رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی دەڵێ، ئاگرەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ بایی زیاتر لە حەوت ملیار دینار زیانیان هەبووە.
رۆژی سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، شایی ئاوات، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێكدا گوتی: "بەداخەوە لە کوردستان نەک گرنگی بە رێکارەکانی سەلامەتی نادرێ، بەڵکو لایەنەکانی لێکۆڵینەوەی سەلامەتی لە حکومەت و کەرتی تایبەت دژایەتییان دەکرێ."
بەڕێوەبەری ژینگەی سلێمانی ئاماژەی بە قەبارەی زیانەکان کرد و گوتی: "لە ئاگرەکەی دوێنێی تانجەرۆ و ئاگرەکەی ئەمڕۆی باڵەخانەی پارێزگا، زیاتر لە حەوت ملیار دینار زیان بەر سلێمانی کەوتووە و 32 بریندار تۆمارکراون، ئەمە جگە لەو زیانە زۆرەی بەر ژینگە و هەوای شارەکە کەوتووە."
بەڕێوەبەری ژینگەی سلێمانی لە پەیامێکیشدا بۆ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران دەڵێ: "کاتی ئەوەیە جێگری سەرۆکوەزیران کە وەک خەمخۆری ژینگە ناسراوە، بە فەرمانێک بڕیاری کاراکردنی سیستمەکانی پاراستن بدات و کۆمپانیا خاوەن مۆڵەتەکان و کەرتی حکومی راسپێرێ بەبێ جیاوازی و بە وردی دەست بە لێکۆڵینەوە بکەن و خاتری کەس نەگرن."
ئەم لێدوانەی بەڕێوەبەری ژینگەی سلێمانی دوای ئەوە دێت، لە کەمتر لە 24 کاژێردا دوو ئاگری گەورە لە کۆگاکانی سووتەمەنی تانجەرۆ و تانکەرێکی بەنزین لە باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی کەوتنەوە.




