رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سووتاوی سلێمانی دەڵێ، یەکێک لە بریندارانی ئاگرەکەی تانجەرۆ کە رێژەی سووتانی جەستەی 95% بوو، لەسەر داوای کەسوکاری بۆ وەرگرتنی چارەسەر، رەوانەی تاران کرا.
رۆژی سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، ئازاد ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سووتاوی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بریندارەی ئاگرەکەی دوێنێ کە 95%ی جەستەی سووتاوە، هاونیشتمانییەکی رۆژهەڵاتی کوردستانە. ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر رەزامەندی و بەرپرسیارێتیی خێزانەکەی لە نەخۆشخانە دەرکرا بۆ ئەوەی بیبەنە تاران."
سەبارەت بە کۆی گشتیی بریندارانی ئەو رووداوە کە براونەتە نەخۆشخانەکەیان، ئازاد ئەحمەد گوتی: "23 بریندارمان بۆ هێنرا. تەنیا یەکێکیان خەوێندرا کە ئەویش بریندارەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. ئەوانی دیکە برینەکانیان سووک بوو و دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست رەوانەی ماڵەوە کرانەوە؛ رۆژانەش بۆ چارەسەر و چاودێریی سەردانمان دەکەنەوە."
ئێوارەی ئەمڕۆش تانکەرێکی بەنزین لەنێو باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی ئاگری گرت. بە گوتەی هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
هەر ئەمشەو بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، ئاگرەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ بایی زیاتر لە حەوت ملیار دینار زیانیان هەبووە.




