رووداو دیجیتاڵ لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی هەولێر - دهۆک و لە سنووری پارێزگای دهۆک، کەسێک گیانی لەدەستدا و دووانی دیکەش بریندار بوون. موقەدەم ئازاد تەها، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رووداوەکە لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری سۆناتا لە نزیک ناحیەی رۆڤیا روویداوە. تەرمی قوربانییەکە دوای رێکارە یاساییەکان رادەستی کەسوکاری کراوەتەوە و بریندارەکانیش رەوانەی نەخۆشخانە کراون. هاتووچۆی پارێزگای دهۆک پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە. بە گوێرەی نوێترین ئامار لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە بۆ رووداو، لە ساڵی 2018وە تاوەکو مانگی ئابی 2025 لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 21 هەزار 646 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، بەهۆیانەوە 3137 کەس گیانیان لەدەستداوە و 39 هەزار و 339 کەسیش بریندار بوون.