رووداو دیجیتاڵ
تەقینەوەیەکی بەهێز لەنێو باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی روویدا و بەرگریی شارستانی دەڵێ، "بەنزینخانەی نێو باڵەخانەکە بووە." جێگری پارێزگاری سلێمانییش دەڵێ، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و رووداوەکەش "بەهۆی شۆرتێکەوە بووە لەکاتی خاڵیکردنی بەنزین لە تانکەرێکەوە."
موقەدەم ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگری شارستانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەنزیخانەی نێو باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی سووتاوە و تیمەکانیان لە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدان."
شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاگرەکە لەکاتی خاڵیکردنی بەنزین لە تانکەرێکەوە کەوتووەتەوە؛ لە کاتی پرۆسەی خاڵیکردنەکەدا شۆرتێک دروستبووە و بووەتە هۆی دروستبوونی ئاگرەکە."
سەبارەت بە دۆخی ئێستای شوێنی رووداوەکە، جێگری پارێزگاری سلێمانی دەڵێ، "ئێستا هەموو تیمەکان لە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی دۆخەکە و خۆشبەختانە رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە."
نزیک کاژێر 06:30ی ئێوارەی ئەمڕۆ 18ی ئاب، دەنگی دوو تەقینەوە لەنێو باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی بیستران و دووکەڵێکی چڕ ئاسمانی ناوچەکەی داپۆشی.
ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی سووتەمەنی لە ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی کەوتەوە، کە زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر بەنزین و گازی تێدابوو.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی، لە ئاگرەکەی شەوی رابردوودا 41 کەس بریندار بوون، کە شەش کەسیان کارمەندی بەرگریی شارستانین.
ئازاد ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سووتاویی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەوی رابردوو 22 نەخۆش بە رێژەی جیاوازی سووتاوی برانە نەخۆشخانەکەیان، هەموویان چارەسەری پێویستیان بۆ کرا و نێردرانەوە ماڵەوە، جگە لە یەکێکیان کە بە رێژەی 95%ی سووتاوە و تاوەکو ئێستا لە نەخۆشخانە ماوەتەوە و چارەسەر وەردەگرێ.




