رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتی لە کچێکی تەمەن خوار 18 ساڵ کردبوو.
رۆژی سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، نزیکەی 10 رۆژ لەمەوبەر کچێکی خوار تەمەن 18 ساڵ لەگەڵ دایکی سەردانی نووسینگەی نەهێشتنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییان کرد و سکاڵای یاساییان تۆمارکرد.
کچەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە کەسێک وێنە و ڤیدیۆی تایبەتی لایە و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەیان لێدەکات، ئەگەر پارەی پێنەدات.
پۆلیسی راپەرین رایگەیاند: "دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و کۆکردنەوەی زانیاری ورد، شەوی رابردوو لەلایەن نووسینگەی نەهێشتنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و بە هاوکاری تیمی ئایتی پۆلیسی راپەڕین و پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی هەولێر، تۆمەتبارەکە لە شاری هەولێر دەستگیرکرا."
تۆمەتبارەکە ناوی (ر. ر. س)، تەمەنی 16 ساڵە و دانیشتووی ناحیەی بەحرکەیە لە پارێزگای هەولێر. پۆلیس دەڵێ: "تۆمەتبارەکە لەبەردەم پۆلیس و دادوەردا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە بە وێنە و ڤیدیۆکانی پێشتر دەستی کەوتبوو، هەڕەشەی لە کچەکە کردووە."
تۆمەتبار بەپێی مادەی 2 لە یاسای قەدەخەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.




