رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی ئێندزێ لە بناری قەندیل، منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ کە لە هەولێرەوە بۆ سەردان چوونەتە ناوچەکە ون بووە و چارەنووسی نادیارە.
منداڵەکە ناوی یاد سەرباز عەلییە و تەمەنی نزیکەی چوار ساڵە، کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆی دوێنێ 28ـی ئایار لە گوندی ئێندزێ لە بناری قەندیل لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی ون بووە و تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە.
دڵشێر ئیبراهیم، هاوسەرۆکی شارەوانیی بناری قەندیل، رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە ئێوارەی دوێنێوە گەڕان بۆ منداڵەکە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە".
هاوسەرۆکی شارەوانیی بناری قەندیل دەڵێت: "بە درێژایی شەوی رابردوو خەڵکێکی یەکجار زۆری دەڤەری باڵەکایەتی و گوندەکانی سنووری بناری قەندیل بۆ دۆزینەوەی منداڵەکە گەڕاون و گەڕانیش بەردەوامە".
گوندی ئێندزێ سەر بە شارەوانیی بناری قەندیلە (کە لەلایەن پەکەکەوە بەڕێوەدەبرێت). هاوسەرۆکیی شارەوانییەکە دەڵێ: "ئەو منداڵە دانیشتووی هەولێرە، ماڵی باپیری لە گوندەکەیە و بۆ سەردانی ماڵ باپیریان گەڕاونەتەوە و تووشی ئەو رووداوە بوون".
دڵشێر ئیبراهیم گوتی: "لەو ناوچەیەی منداڵەکەی تێدا ون بووە هیچ رووبارێکی وا گەورە نییە مەترسی خنکان هەبێ، جۆگەلەیەکی بچووک هەیە منداڵ نابات".
عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئاگادارین لە ونبوونی منداڵەکە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ تیممان نەناردووە و لایەنەکانی ناوچەکە داوایان نەکردووە تیمیان بۆ بنێرین".
هاوسەرۆکی شارەوانیی بناری قەندیل گوتی: "هەر تیمێکی فریاگوزاری بیەوێ دەتوانێ سەردانی ناوچەکە بکات و بۆ منداڵەکە بگەڕێ، هەرچەند تیمی جیاواز لە ناوچەکەوە هاتوون و لەگەڵ خەڵکدا بەردەوامن لە گەڕان".
.png&w=3840&q=75)