رووداو دیجیتاڵ
دەروازە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رایدەگەیێنن، ئەمڕۆ هاتووچۆی بازرگانیی گەشتیاری ئاسایی دەبێتەوە.
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ هاتووچۆی بازرگانی جگە لە ترانزێت راگیرا، ئەمڕۆ ئاسایی بووەتەوە".
گوتەبێژی دەروازەی حاجی ئۆمەران دەڵێ، هاتووچۆی گەشتیاریی ئاساییە و رانەگیراوە، لە هەردوو دیوەوە گەشتیاران دەتوانن هاتووچۆ بکەن.
دوێنێ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی راگیرا. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دەروازەکە، ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕەکی بازرگانیی ئاسایی بووەتەوە و هاتووچۆی گەشتاریش ئاساییە.
هەروەها ئەمڕۆ پێنجشەممە هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئاساییە.
جگە لە دەروازە نێودەوڵەتییەکان، چەند دەروازەیەکی نیمچە فەرمی و لاوەکی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەن.
