رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، هێزەکانیان ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیرکردووە لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا زیانی بە ئۆتۆمبێلی چەند هاونیشتمانییەک گەیاند و گرتە ڤیدیۆییەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی لێکەوتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئایاری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، دوای ئەوەی لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە تێیدا کەسێکی نەناسراو هەڵدەستێت بە زیانگەیاندن بە ئۆتۆمبێلی چەند هاونیشتمانییەک، هێزەکانی ئاسایش بەدواداچوونی وردیان بۆ بابەتەکە دەستپێکرد.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای بەدواداچوونەکان توانیویانە ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا بکەن کە پیتەکانی سەرەتای ناوی بریتین لە (ش. أ. ص)؛ دواتریش بە فەرمانی دادوەر لە لایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکراوە.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکە کراوەتەوە و رێکارە یاساییەکان لەدژی بەردەوامن؛ هاوكات ئاسایشی هەولێر سوپاسی هاونیشتمانیانی کردووە کە هەمیشە هاوکار و هاوئاهەنگن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا بۆ پێدانی زانیاری.
