رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ جەژنی قوربان 15 سزادراوی چاکسازییەکانی گەوران مۆڵەتیان پێدراوە بگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان، "ئەوانەشی بە تاوانی تیرۆر، کوشتن و رفاندن سزادراون، مۆڵەت نایانگرێتەوە."
رۆژی چوارشەممە 27ی ئایاری 2026 ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "بەگوێرەی رێنماییەکانی رێگەپێدانی زیندانییان، بۆ ئەم جەژنە 15 حوکمدراو لە چاکسازییەکانی گەوران مۆڵەتیان وەرگرتووە. زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێر بوون و دوای ئەویش سلێمانی و دهۆک دێن."
ئیحسان عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوە دا، ئەو کەسانەی بە تاوانەکانی "کوشتن، تیرۆر و رفاندن" سزادراون، بە هیچ شێوەیەک مۆڵەتی چوونە ماڵەوە نایانگرێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان وردەکاریی ئەو مەرجانەی باسکرد کە پێویستن بۆ وەرگرتنی مۆڵەت و گوتی، "پێویستە سزادراو دوو فەرمانبەر بکاتە کەفیل، بڕە پارەیەکیش لە نێوان 25 ملیۆن تاوەکو 100 ملیۆن دینار لە بانک دابنێت (بەپێی مادە یاساییەکان)، هەروەها دەبێت خانوویەکیش لە سەنتەری پارێزگاکان بخاتە رەهنەوە."
لە هەرێمی کوردستان شەش چاکسازیی گەوران هەن و زیاتر لە شەش هەزار سزادراو سزاکانیان تێیاندا بەسەر دەبەن.
ئەو 15 سزادراوەی بۆ جەژن مۆڵەتیان وەرگرتووە، بەپێی پارێزگاکان بەمشێوەیە دابەشبوون:
- چاکسازیی گەورانی هەولێر: 9 سزادراو
- چاکسازیی گەورانی سلێمانی: 4 سزادراو
- چاکسازیی گەورانی دهۆک: 2 سزادراو
