رووداو دیجیتاڵ
سیستمی بارکۆدی بەنزینخانەکانی کەرکووک چاککرایەوە و دابەشکردنی بەنزین بە کۆبۆن دەستیپێکردەوە.
عەلی رەبیع، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "لەکاژێر 6:30 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆوە سیستمی بارکۆدی بەنزینخانەکانی کەرکووک چاککرایەوە، ئێستا بەنزین بە کۆبۆن دابەش دەکرێت."
بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووک ئاماژەی بەوەکرد، پێدانی 40 لیتر بەنزین بەبێ کۆبۆن بۆ دۆخێکی کاتی بوو، ئێستا دوای چاککردنەوەی سیستمەکە، بەنزین بە کۆبۆن دابەش دەکرێ.
ئەمڕۆ بەهۆی بوونی کێشەی تەکنیکی لە سیستمی زیرەکیی بەنزینخانەکان و بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی جەنجاڵی، بڕیاردرا لە پارێزگای کەرکووک بەبێ کۆبۆن بەنزین بەسەر شۆفێراندا دابەش بکرێت.
هەڵۆ قادر جەباری، نوێنەری پارێزگای کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، بەهۆی نوێکردنەوەی بارکۆدەکەوە، سیستمی دابەشکردنی سووتەمەنی لە بەنزینخانەکانی کەرکووک لە کارکەوت، ئەوەش قارەباڵخییەکی زۆری لە بەردەم بەنزینخانەکان دروست کردبوو.
