رووداو دیجیتاڵ
لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، هاوردەکردنی ئاژەڵ بۆ هەرێمی کوردستان بە مەبەستی سەربڕین دابەزینێکی "بەرچاو و گەورە"ی بەخۆوە بینیوە؛ بەجۆرێک لەو ماوەیەدا تەنیا 30 هەزار سەر ئاژەڵ هاوردەکراون، لەکاتێکدا دوو ساڵ پێش ئێستا ئەو ژمارەیە 10 هێندە زیاتر بووە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵی 2024دا نزیکەی 300 هەزار سەر ئاژەڵ هاوردەی هەرێمی کوردستان کرابوون، کە ئەوە بەرزترین ئاست بوو، دواتر لە ساڵی 2025دا ئەو ژمارەیە بۆ 200 هەزار سەر دابەزی، بەڵام لە شەش مانگی یەکەمی 2026دا تەنیا 30 هەزار سەر ئاژەڵ هاوردەکراون.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "ساڵانە پێویستیی ناوخۆ بە گۆشتی سوور دەگاتە 90 هەزار تۆن. لەو بڕە، تەنیا 50%ـی کە دەکاتە 45 هەزار تۆن لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێت و نیوەکەی دیکە هاوردە دەکرێت."
زۆربەی ئەو ئاژەڵە زیندووانەی دێنە هەرێمی کوردستان، لە بەرازیلەوە هاوردە دەکرێن، بەڵام ئێستا جووڵەی ئەو بازرگانییە رووی لە کەمی کردووە.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ چەند هۆکارێکی بۆ ئەم کەمبوونەوەیە خستەڕوو و رایگەیاند، جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا کاریگەریی هەبووە، چونکە ئێستا بازرگانانی هەرێمی کوردستان ناتوانن سوود لە دۆلاری هەرزان (بە نرخی بانکی ناوەندی) وەربگرن؛ ئەوەش وایکردووە بەشێک لە بازرگانەکان کارەکانیان بەرەو ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بگوازنەوە.
هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی هاوردەکردنی ئاژەڵ، بۆ ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ناوچەکە دەگەڕێتەوە. فیراس سدیق دەڵێت، شەڕی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل کاریگەریی نەرێنی لەسەر جووڵەی بازرگانی هەبووە و تێچووی گواستنەوەی دەریایی بەرزبووەتەوە، چونکە ئێستا داوای گرەنتی و بیمەی زیاتر بۆ گواستنەوە دەکرێت.
وردەکاریی بەرزبوونەوەی نرخەکان بەم شێوەیەیە:
- نرخی ئاژەڵ: یەک تۆن ئاژەڵ لە بەرازیل لە 2,000 دۆلارەوە بۆ 3,200 دۆلار بەرزبووەتەوە.
- کرێی گواستنەوە: گواستنەوەی یەک تۆن ئاژەڵ (کە یەکسانە بە دوو سەر ئاژەڵی گەورە) لە 900 دۆلارەوە بۆ 1,600 دۆلار زیادیکردووە.
- رەسمی گومرگی: بۆ هەر تۆنێک لە 130 دۆلارەوە بۆ 500 دۆلار بەرزبووەتەوە.
جگە لەمانە، هاوردەکردنی ئاژەڵ لە وڵاتانی دراوسێی وەک سووریا و ئێرانیش بە هەمانشێوە کەمی کردووە، ئەمەش وایکردووە بازاڕی گۆشت لە هەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو گۆڕانکارییانەوە.
