رووداو دیجیتاڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی راگەیاند، کێشەی کەمئاوی لە شارەکە بە تەواوی چارەسەر کراوە. هاوکات لە قەزای چەمچەماڵیش بڕی ئاوی دابینکراو زیاد کراوە، ماوەی دابەشکردنی ئاویش بەسەر گەڕەکەکاندا کەم دەکرێتەوە. رۆژی شەممە 15ی ئابی 2026، ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کێشەی ئاوی سلێمانی بە تەواوی چارەسەر کراوە، یەک دوو رۆژە ئاو بۆ گەڕەکەکان دەچێت." پێشتر بەهۆی شکانی بۆریی هێڵی 2ـی سلێمانی، نزیکەی 50%ـی دانیشتووانی سلێمانی کە لە باکوور و رۆژهەڵاتی شارەکە بوون کێشەی ئاویان هەبوو. ئامانج جەلال دەڵێت: "ئێستا دۆخەکە ئاساییە و سێ بۆ چوار رۆژ جارێک ئاو دەدرێتە هاووڵاتییان." لەلایەکی دیکەوە، کێشەی کەمئاوی لە قەزای چەمچەماڵ کە پەیوەست بوو بە هێڵەکانی سلێمانییەوە، بەرەو چارەسەر دەچێت. ئاسۆ بەکر، قایمقامی چەمچەماڵ بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ بڕی ئاوی قەزاکە لە 18 هەزار مەتر سێجاوە بۆ 30 هەزار مەتر سێجا زیاد کراوە. بەڵێنمان پێدراوە لە رۆژانی داهاتوودا بڕەکە بگەیێندرێتە 40 هەزار مەتر سێجا." قایمقامی چەمچەماڵ گوتی، ئەم پڕۆسەیە نزیکەی هەفتەیەکی دەوێت تاوەکو کاریگەرییەکەی دەگاتە نێو گەڕەکەکان. گوتیشی: "پێشتر 16 بۆ 17 رۆژ جارێک ئاو دەهات، بەڵام لەمەودوا دەبێتە هەشت بۆ نۆ رۆژ جارێک." گرفتەکە چی بوو؟ هێڵی یەک، هێڵی دوو و پڕۆژەی ئاوی سەرچنار، سەرچاوە سەرەکییەکانی دابینکردنی ئاوی سلێمانین و نزیکەی نیوەی پارێزگاکە پشت بە هێڵی دوو دەبەستێت. مانگی رابردوو سێ پەمپی سەرەکیی هێڵی دووی دووکان – سلێمانی بەتەواوی لەکارکەوتن و گرفتی بەردانەوەی ئاویان بۆ گەڕەکەکانی باشووری سلێمانی و سنووری چەمچەماڵ دروست کرد، بەشێوەیەک هەندێک لە گەڕەکەکانی نێوشار نۆ رۆژ جارێک ئاویان پێدەدرا و هەندێ ناوچەی دەرەوەی شاریش نزیکەی 15 رۆژ جارێک. دوای لەکارکەوتنی سێ پەمپەکە، 8ـی ئابی 2026 بۆرییەکی سەرەکی لەسەرهێڵی دوو شکا و بەمەش کێشەکە فراوانتر بوو. دابەشکردنی ئاو بۆ نیوەی پارێزگای سلێمانی راگیرا.