رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە هاونیشتمانییان پاشماوەی بیناسازی و خۆڵ و خاشاک لە نێو گۆڕستانی "بەردەڕەشی بچووک" فڕێدەدەن. قایمقامی قەزاکەش رایدەگەیێنێت، بۆ رێگری لەو دیاردەیە لە هەوڵی دانانی کامێرای چاودێریدان و تاوەکو ئێستاش چەند کەسێک لەسەر ئەو کارە دەستگیرکراون.
ژمارەیەک لە هاونیشتمانییانی سنوورەکە بە ناردنی وێنە و ڤیدیۆ بۆ رووداو، نیگەرانیی خۆیان لە پیسکردنی گۆڕستانەکە دەربڕی و داوایان کرد رێگری لەو دیاردەیە بکرێت.
هاونیشتمانییەک کە ماوەی ساڵ و نیوێکە بە خۆبەخش خزمەت بەو گۆڕستانە دەکات، بە رووداوی راگەیاند: "بەشێک لە خەڵک گۆڕستانەکەیان زۆر پیس کردووە و بەردەوام پاشماوەی بیناسازی و خۆڵ و خاشاکی تێدا فڕێدەدەن، ئەمەش سیمایەکی نەشیاوی بە شوێنەکە بەخشیوە."
سەبارەت بە رێکارەکانی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم کارە، بڕوا فارووق، قایمقامی قەزای بەردەڕەش بە رووداوی گوت: "زۆر هەوڵمان داوە رێگری لەم بابەتە بکەین. لە ماوەی رابردوودا چەند کەسێک لەسەر فڕێدانی خاشاک لەو شوێنە دەستگیرکراون و خەڵکیشمان ئاگادار کردووەتەوە."
قایمقامی بەردەڕەش ئاماژەی بە رێگەچارەیەکی بنەڕەتی کرد بۆ پاراستنی پیرۆزیی گۆڕستانەکە و گوتی: "بەنیازین کامێرای چاودێری لە دەوروبەری گۆڕستانەکە دابنێین، بەڵام ئێستا چاوەڕێین کارەکانی گەیاندنی کارەبا بۆ ئەو شوێنە تەواو ببێت تاوەکو دەست بە دانانی کامێراکان بکەین."


