رووداو دیجیتاڵ
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان دەڵێ، لە کاتێکدا دەرگای گفتوگۆ لەنێوان هەولێر و بەغدا کراوەیە، لێدوانەکەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق جێگەی سەرسووڕمان و نیگەرانیی قووڵە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بە تەواوی زمانی سەربازی رەت دەکەنەوە.
رۆژی چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەنی 2026، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە کاتێکدا کەناڵەکانی گفتوگۆ لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کراوەن، لێدوانەکەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق جێگەی سەرسووڕمان و نیگەرانیی قووڵن."
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان باس لەوە دەکات کە پێکهاتەکان زمانی سەربازی بە تەواوی رەتدەکەنەوە، چونکە خزمەت بە ئاشتی و سەقامگیریی وڵات ناکات.
ئایدن مەعروف هەروەها دەڵێ: "بونیاتنانی عێراقێکی سەقامگیر بۆ هەموو پێکهاتەکان، پێویستی بە پابەندبوون بە دەستوور، بنەماکانی هاوبەشیی راستەقینە و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانە. لەم قۆناخە هەستیارەدا، یەکڕیزیی هەرێمی کوردستان و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیی نیشتمانیی هەموو پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکان، تاکە رێگەی تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکانە."
ئەم لێدوانەی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان دوای ئەوە دێت کە دوێنێ سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق زنجیرەیەک بڕیاری عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقی لەبارەی دۆسیەی نەوت و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیاند.




