رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، هاتنی شەپۆلێکی بارانبارینی بۆ ماوەی یەک هەفتە راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، پلەی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو نزم دەبێتەوەو لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانیش بەفر دەبارێت.
رۆژی چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لە 29-11-2026 رۆژی یەکشەممە، شەپۆلی بارانبارین لەسەر ناوچەکەمان دەستپێدەکات؛ بە کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست بۆ ماوەی چەند رۆژێک ناوچەکەمان لەژێر کاریگەریی شەپۆلی بارانبارین دەبێت."
لەبارەی وردەکاری و چەقی شەپۆلەکەوە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "سەرەتا بە نزمە پاڵەپەستۆیەکی لاواز دەستپێدەکات، پاشان لە رۆژی دووشەممە لە کاتەکانی ئێوارە دووبارە شەپۆلی بارانبارین چالاک دەبێتەوە؛ رۆژی سێشەممە 1-12-2026 چەقی بەهێزیی کاریگەریی شەپۆلی بارانبارین دەبێت و سەرجەم ناوچەکەمان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەم شەپۆلە. بارانبارین بە شێوەی لێزمەباران و هەورەبرووسکە دەبێت".
کەشناسی هۆشداری دەدات و دەڵێ:"لە هەندێک کات ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کاریگەریی ئەم شەپۆلە درێژ دەبێتەوە بۆ رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە و هەینی. بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئێستا یەک هەفتە ناوچەکەمان لەژێر کاریگەریی شەپۆلی بارانبارین دەبێت، لەگەڵ نزمبوونەوەیەکی بەرچاو لە پلەی گەرما و زیادبوونی خێرایی با بۆ سەرووی 35 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا و بەفربارین لەسەر ناوچە شاخاوییە بەرزەکان."
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکی نوێدا لە پێشبینییەکان، هاووڵاتییان ئاگادار دەکەنەوە.




