رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فلای ئەربیل راگەیاند، فڕۆکەی سێیەمی کۆمپانیاکەیان گەیشتووەتە هەولێر و ئەمڕۆ یەکەم گەشتیان بۆ بەیرووت دەستپێدەکات. دەشڵێ، تاوەکو مانگی یەکی ساڵی 2027 ژمارەی فڕۆکەکانیان دەگەیێننە شەش فڕۆکە.
رۆژی چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فلای ئەربیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ فڕۆکە نوێیەکەمان گەیشتە هەولێر و بووە فڕۆکەی سێیەم. ئەمڕۆ یەکەم گەشتی هەولێر - بەیرووت دەستپێدەکەین و کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ لە هەولێرەوە دەردەچێت بۆ بەیرووت؛ ئەمە یەکەم هێڵی نیشتمانییە کە دەچێتە لوبنان و بەیرووت."
لەبارەی جۆری فڕۆکەکە و پلانی داهاتووی کۆمپانیاکە، لاوەند مەموندی گوتی: "فڕۆکەکە لە جۆری ئێرباس 320ـە و هاتووەتە کۆمپانیاکەمان؛ دوای چوار رۆژی دیکە لە هەمان جۆر فڕۆکەیەکی دیکەمان بۆ دێت و دەبێتە چوارەمین فڕۆکە، تاوەکو مانگی یەکی ساڵی 2027 دەبێتە شەش فڕۆکە بۆ ئەوەی بتوانین هەولێر بە ئەورووپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببەستینەوە و ببێتە گەورەترین فلای."
سەبارەت بە نرخی بلیت و ژمارەی گەشتەکانیش ئاماژەی بەوە کرد: "نرخی ئەمڕۆی بەیرووت لە 99 دۆلار دەستپێدەکات؛ ئەمەش دەبێتە هۆی فراوانکردنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و هەفتانە سێ گەشتی بەیرووتمان دەبێت."
کۆمپانیای فلای ئەربیل لە ساڵی 2015 دامەزراوە و بنکەی سەرەکیی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرە، لە ساڵی 2018ـەشدا یەکەم گەشتی خۆی ئەنجامدا.
بە گوتەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، ئێستا (فلای ئەربیل) گەشتی بۆ چەندین وڵات و پایتەختی جیهان هەیە، لەوانە:
ئەڵمانیا (دوسلدۆرف، کۆڵن، شتوتگارت، میونشن، فرانکفۆرت، هانۆڤەر، بەرلین).
هۆڵەندا (ئەمستەردام).
دانیمارک (کۆپنهاگن).
بەریتانیا (لەندەن).
تورکیا (ئیستەنبووڵ).
لوبنان (بەیرووت).
هەروەها گەشتی نێوان هەولێر و بەغدا.




