رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی دەڵێ، بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵخی لەبەردەم وێستگەکانی دەرهێنانی کارتی ئەلکترۆنیی نەوت، ئەپلیکەیشنێک کارا کراوە. ئاماژە بەوەش دەکات، "هاونیشتمانییان دەتوانن لە ماڵەوە مامەڵەکانیان پێشکێش بکەن."
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2026، سەلام عومەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە رووداوی گوت، "بەهۆی دابەشکردنی نەوتەوە قەرەباڵخییەکی زۆر لە ناوەندەکانی دەرهێنانی (کارتی ئەلکترۆنی نەوت) دروستبووە، بۆ ئەو مەبەستە ئەپڵیکەیشنێکمان داناوە تاوەکو هاونیشتمانییان لە ماڵەوە بە شێوەیەکی ئەلکترۆنی مامەڵەکانیان پێشکێش بکەن و نۆرە بگرن."
سەلام عومەر روونی کردەوە، "هاونیشتمانییان پێویست ناکات لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان نۆرە بگرن و قەرەباڵخی دروست بکەن، بەڵکو لە رێگەی کیو ئاڕ کۆدێکەوە مامەڵەی دەرهێنان یاخود ونبوونی کارت تۆمار دەکات، دواتر لەو کاتەی بۆی دیاری دەکرێت سەردان دەکات و کارتەکەی وەردەگرێتەوە."
سەبارەت بە هۆکاری ئەم قەرەباڵخییەی درووست بووە، گوتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، ئاماژەی بەوە کرد، "بەشێکی زۆر لە هاونیشتمانییان لە پارەوە کارتی ئەلکترۆنیی نەوتیان نییە، ئێستا کە بریاری دابەشکردنی 100 لیتر نەوت بۆ هاونیشتمانییان دراوە دەیانەوێت کارتی سووتەمەنی نەوت دەربکەن."
لە بارەی ئەو هاونیشتمانییانەی بەمنزیکانە هاوسەرگیرییان کردووە و کارتی ئەلکترۆنیی نەوتیان نییە، سەلام عومەر گوتی، "ئەوانیش لە رێگەی کیو ئار کۆدێکەوە خۆیان تۆمار دەکەن و دوای تەوابوونی کارتەکانیان پەیوەندییان پێوە دەکرێت."



