رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیێنێت، سبەی شەممە 21-11-2026 نەوتی سپیی ماڵان دەگاتە قەزای پێنجوێن و پرۆسەی دابەشکردنی بەسەر هاونیشتمانییاندا دەستپێدەکات.
شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کارمان کردووە بۆ ئەوەی بەشە نەوتی سپیی ماڵان دابەشبکرێت، بەتایبەتیش لە ناوچە شاخاوییەکان."
سەبارەت بە ئامادەکارییەکان، جێگری پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، "هەموو رێکارە ئیدارییەکان گیراونەتەبەر و ئەمشەو لایەنە پەیوەندیدارەکانی سلێمانیمان راسپاردووە تاوەکو هاوکاربن لەوەی لە سبەینێوە دەست بە دابەشکردنی نەوت بکرێت."
شاهۆ عوسمان ئەوەشی خستەڕوو، قایمقامی قەزای پێنجوێن ئاگادارکراوەتەوە سبەی سەرپەرشتیی پرۆسەکە بکات، "بۆئەوەی بە ئاسانترین شێوە ئەو بڕە نەوتەی دابینکراوە بگاتە هاووڵاتییان."
قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی نەوتی سپیی ماڵان لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستپێدەکات، بەپێی ئەو بڕەی لە بەغداوە دێت بەسەر هاونیشتیمانییان دابەشدەکرێت و دەگاتە سەنتەری سلێمانی.



