رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی سلێمانی دەڵێ، دابەشکردنی گازی ماڵان لەنێو گەڕەک و کۆڵانەکاندا بەردەوامە و کەمی نەکردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ رێکخستنەوەی پرۆسەکە و رێگریکردن لە دروستبوونی قەیران، دابەشکردنی گازیان لە رێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە کردووەتەوە فۆرمی خۆراک.
رۆژی هەینی، 20-11-2026 فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە سەبارەت بە دۆخی دابەشکردنی گاز، بڕی گازی کۆگاکراو و دیاریکردنی نرخی مۆلیدە ئەهلییەکان.
سەبارەت بە بڕی گازی کۆگاکراو، قایمقامی سلێمانی گوتی: "بڕێک گازی کۆگاکراومان هەیە، بەڵام نامانەوێ بڕەکەی ئاشکرا بکرێت."
لەبارەی شێوازی دابەشکردنی گاز لە سنووری پارێزگاکە، فازڵ عومەر روونیکردەوە کە لە سلێمانی دوو شێوە دابەشکردن هەیە. یەکەمیان دابەشکردنی نێو کۆڵان و گەڕەک و ماڵانە کە بەردەوامە، نەوەستاوە و کەمیشی نەکردووە. دووەمیشیان دابەشکردنی بازرگانییە و گوتی: "رۆژانە 10 بەنزیخانە بڕێکیان پێدەدرێ و دابەشی دەکەن، زیاتریش لە پاشنیوەڕۆیاندا دابەشی دەکەن تاوەکو هاووڵاتییان دوای گەڕانەوەیان لەسەر کار، کاتیان هەبێت بۆ وەرگرتنی."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گەڕاندنەوەی دابەشکردنی گاز بۆ سەر فۆڕمی خۆراک لە رێگەی بریکارەکانەوە، قایمقامی سلێمانی گوتی: "ئێمە ئەو هەنگاوەمان ناوە و کردوومانەتەوە بە فۆرمی خۆراک بۆ ئەوەی کارەکان رێکبخەین و قەیرانەکە لەوە گەورەتر نەبێت."
سەبارەت بە کێشەی کارەبا و بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دیاریکردنی نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلییەکان لە سلێمانی، فازڵ عومەر رەتیکردەوە هیچ نرخێک دیاری کرابێت.
قایمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد کە تاوەکو ئێستا نە کۆبوونەوەیان کردووە و نە نرخیشیان دیاری کردووە.


