رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری سلێمانی دەڵێ، قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە کوێستانەکانی وەک پێنجوێن و قەڵادزێوە دەست پێدەکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە هیچ قەیرانێکی گاز لە سلێمانی نییە و نرخەکەیشی بەرز نابێتەوە.
رۆژی هەینی، 20-11-2026 شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی سەبارەت بە هاتنی نەوتی سپی لە بەغداوە، دۆخی دابەشکردنی گاز و دەنگۆی بەکارهێنانی بینای ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ کۆبوونەوەکانی تیمی یەکێتی لە حکومەت دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکی پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە کات و شێوازی دابەشکردنی ئەو نەوتە سپییەی بڕیارە لە بەغداوە بگات، شاهۆ عوسمان گوتی، دوای هەوڵێکی زۆر، ئەو بڕە نەوتەی بۆ هەرێمی کوردستان دێت و بەتایبەتی ئەو بەشەی بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان دێت، دەست بە دابەشکردنی دەکرێ.
جێگری پارێزگاری سلێمانی گوتی، پلانی دابەشکردنەکە بەو شێوەیەیە لە ناوچە کوێستانەکانەوە دەستپێبکات و گوتی: "سەرەتا لە قەزای پێنجوێن و قەڵادزێ و دواتر شارباژێر و هەورامان دابەش دەکرێ، پاشان بە پێی گەیشتنی بڕی نەوتەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکەوە رێکارەکانی دابەشکردن بە خێرایی دەگیرێنەبەر."
سەبارەت بەوەی پارێزگای سلێمانی پێویستی بە چەند نەوتە و کەی بە تەواوی دەگات، شاهۆ عوسمان ئاماژەی بەوە کرد کە داتای وردی لەبەردەست نییە، بەڵام لە عێراقەوە پشکی هەر پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ دیاری کراوە و وەک خۆی دەگاتە دەستیان؛ گوتیشی: "هەندێک رێکار ماوە جێبەجێ بکرێ، بەڵام هیچ گرفتێک نەماوە و رەزامەندیی وەزارەتی نەوت و هەموو لایەک وەرگیراوە. بە وردی دیار نییە سبەی دەگات یان رۆژێکی دیکە، بەڵام گرنگ ئەوەیە دواناکەوێت و هاووڵاتییان لەوە دڵنیا دەکەمەوە."
دڵنیایی لەبارەی نەبوونی قەیرانی گاز و نرخەکەی
لەبارەی بۆردوومانکردنی کێڵگەی گازی کۆرمۆر و دەنگۆی کەمبوونەوەی گاز، جێگری پارێزگاری سلێمانی دڵنیایی دایە دانیشتووانی سنوورەکە و گوتی: "لە سەرەتای دروستبوونی گرفت بۆ کێڵگەی گازی کۆرمۆر، ئێمە رامانگەیاند کە بڕی پێویستمان هەیە و کۆگاکراوە و پێویست بە هیچ دڵەڕاوکێیەک ناکات."
شاهۆ عوسمان جەختی لەوەش کردەوە کە هیچ قەیرانێک لە ئارادا نییە و گوتی: "دەمەوێ لێرەوە دڵنیایی بدەمە دانیشتووانی شاری سلێمانی و دەوروبەری کە گازی پێویست هەیە، دەگاتە ماڵان و هیچ قەیرانێکی گاز نییە، بە هیچ شێوەیەک نرخی گاز لە سلێمانی بەرز نەبووەتەوە و بەرزیش نابێتەوە."
بینای ئەنجوومەنی پارێزگا و کۆبوونەوەکانی تیمی یەکێتی
لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا بینای ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کراوەتە شوێنی کۆبوونەوەی تیمی یەکێتی لە حکومەت، جێگری پارێزگاری سلێمانی ئەو دەنگۆیەی رەتکردەوە و گوتی: "نەخێر، هیچ شتێکی وا نییە. ئەگەر تیمی حکومەت بیانەوێت کۆبوونەوە بکەن، بە هیچ جۆرێک شوێن نابێتە گرفت."


