رووداو دیجیتاڵ
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و فەرماندەی پێشووی یەکەکانی 70ـی هێزی پێشمەرگە، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات هەوڵی پاراستنی یەکڕیزی و چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن و دەڵێت، کەس بەم دۆخەی ئێستای کوردستان دڵی خۆش نییە.
رۆژی هەینی، 20ـی تشرینی دووەمی 2026، مستەفا چاوڕەش لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا تیشکی خستە سەر دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و گوتی: "هیوادارم هەمووان هەوڵ بدەین یەکڕیزیی وڵاتەکەمان بپارێزین. ئەو بارودۆخەی ئێستا لە کوردستاندا هەیە کەس دڵی پێی خۆش نییە."
فەرماندەی پێشووی یەکەکانی 70ـی هێزی پێشمەرگە داوای کرد رێز لە قوربانییەکانی گەلی کوردستان بگیرێت و ناکۆکییەکان وەلا بنرێن و گوتی: "لەبەر وەفای گیانی کۆچکردووان و شەهیدانی کوردستان، هەوڵ بدرێت یەکگرتوو بین و چارەسەری ئەم دۆخەی ئێستا بکرێت."
لە وەڵامی پرسیارێکی پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، سەبارەت بە بۆچوونی لەسەر هەوڵی جیاکردنەوەی سلێمانی، مستەفا چاوڕەش رەتیکردەوە لەوبارەیەوە هیچ هەڵوێستێک دەرببڕێت و گوتی: "ناچمە ئەو وردەکارییەوە."
رۆژی چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، بە بەشداریی 52 پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان و ژمارەیەک لایەن و پەرلەمانتاری دیکە پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژارد؛ رۆژێک دواتر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجامی کۆبوونەوەکەی رەتکردەوە و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، دوای کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حیزبەکەی رایگەیاند: "لەم دەقەیەوە لەم حکومەتە دەکشێینەوە... هەموو هێزمان بەکاردەهێنین خەڵکی خۆمان لە دەڤەرەکەی خۆمان چییان پێویستە بۆیان بکەین."


