رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گەڕەکی ئاشتی لە قەزای خەبات و گوندی (دوو سەرە)ی سنووری ناحیەی شەمامک لە پارێزگای هەولێر کێشەی کارەبایان هەیە. بەرێوەبەری کارەبای خەبات دەڵێ، کەمبوونەوەی کاژێرەکانی کارەبا وایکردووە گوشار لەسەر بگۆڕەکان دروست بێت.
رۆژی چوارشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2026 ئارام محەممەد، دانیشتووی گەڕەکی ئاشتی لە قەزای خەبات بە رووداوی گوت: "چوار کۆڵان لە گەڕەکەکەمان کێشەی کارەبایان هەیە و بەهۆی گوشار لەسەر بگۆڕەکە، بەردەوام فیوزی بگۆڕەکە دەسووتێت".
بە گوتەی ئەو هاونیشتیمانییە، چەند ماڵێک کارەبایان بە نایاسایی بردووە و ئەوەش گوشاری گەورەی لەسەر بگۆڕەکە دروست کردووە.
هاوکات ئازاد خالید، دانیشتووی گوندی دووسەرە لە سنووری ناحیەی شەمامک بە رووداوی گوت: "گوشارێکی زۆر لەسەر بگۆڕی گوندەکەمان دروستبووە و بەهۆیەوە ئەو چەند کاژێرەی کارەبای نیشتمانی کە هەیە، سوودی لێ وەرناگرین".
ئەو هاونیشتیمانییە دەڵێ، چەندین جار سەردانی بەرێوەبەرایەتیی کارەبایان کردووە و پڕۆژەی (رووناکی)ش ئاگادارن، بەڵام تاوەکو ئێستا کێشەکەیان چارەسەرنەکراوە.
ئەردەڵان کاوێس، بەڕێوەبەری کارەبای خەبات دان بەوە دا دەنێ کە کێشە لە بگۆڕی ئەو گەڕەکەی خەبات هەیە و چەندین گەڕەکی دیکەش هەبوون.
ئەردەڵان کاوێس گوتی، پێشتر بگۆڕی گەڕەکەکە 200 کەی ڤی بووە و گۆڕدراوە بۆ 400 کەی ڤی بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی کەمبوونەوەی کاژێرەکانی کارەباوە کاتێک کارەبا دێتەوە، هاونیشتیمانییان بەشی زۆری گیزەر و هیتەرەکانیان هەڵدەکەن و ئەوەش گوشاری زۆر لە توانای بگۆڕەکان دروست دەکات.



