رووداو دیجیتاڵ
پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک) لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستانی بڵاوکردەوە و گیانلەدەستدانی ئەندامێکی لە سەردەشت راگەیاند؛ هاوکات دەڵێ، لە هێرشەکەی پێنجوێندا هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی ناوەندی راگەیاندنی پژاک کە شەوی سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026 بڵاویکردەوە:"زنجیرەیەک هێرش و ئۆپەراسیۆن لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان کراون و ناوچەکانی شاهۆ، مەریوان و سەردەشتیان گرتووەتەوە. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا لە دەڤەری سەردەشت ئەندامێکمان بە ناوی دێرسیم بەهار شەهید بوو".
لەبارەی هێرشەکانیش بۆ سەر پێگەکانیان لە سنووری هەرێمی کوردستان، پژاک دەڵێ: "کاژێر 07:30ـی ئێوارە بە درۆنی خۆکوژ و هاوەن هێرش کرایە سەر بنکە و ناوەندەکانمان لە سنووری قەزای پێنجوێن".
لە راگەیێندراوەکەی پژاکدا هاتووە:"تاوەکو ئێستاش (کە نزیک کاژێر 12:00ـی شەوە) لە ئاسمانی چیای ئاسۆس فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) دەسوڕێتەوە، بەڵام هیچ زەرەر و زیانێک بە هێزەکانمان نەگەیشتووە".
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتریش ناوەندی راگەیاندنی پژاک لە راگەیێندراوێکی سەرەتاییدا ئەوەی خستبووەڕوو کە کاژێر 07:30ـی ئێوارەی سێشەممە لە رێی درۆنەوە ناوچەیەکی پێنجوێن کراوەتە ئامانج، بێ ئەوەی زیانی گیانیی بەدواوە بێت.
مەجلیسی پژاک لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا ئەم هێرشانەی ئێرانی بەستووەتەوە بە دۆخی ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و دەڵێ: "ئەم پەلامارانەی ئێران دوای راپەڕینی گەلەکەمان لە شاری ئاودانان دێن، کە بەهۆیەوە چەندین کەس لە خەڵکی شارەکە بریندار بوون و چەندین کەسی دیکەش دەستبەسەر کراون".
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا پژاک دەڵێ، ئێران ناتوانێت بە "هێرش و سەرکوتکاری" پێش بە بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەکان لە ناوچەکە بگرێت.
قەزای پێنجوێن دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان و بە درێژایی دەیان کیلۆمەتر هاوسنوورە لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی جەنگەوە لە 28ـی شوبات تاوەکو 30-10-2026 بە زیاتر لە 1000 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 156 کەسیش بریندار بوون.




