رووداو دیجیتاڵ
دانیشتوانی کۆڵانێک لە گەرەکی ژینی هەولێر ناسراو بە 9 هەزاری ماوەی دوو ساڵە کێشەی کەمی ئاویان هەیە، دانیشتوویەکی گەڕەکەکە دەڵێت بەهۆی بوونی چەند باخچەیەک ئاو ناگاتە ماڵەکانمان، بەڕێوەبەری گشتی ئاویش دەڵێت بەدواداچوون دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان.
رۆژی چوار شەممە 18ی تشرینی دووەمی 2026 ئارام سەلمان دانیشتووی گەڕەکی ژین بە رووداوی گوت: "کۆڵانەکەمان لێژە لە خوار ماڵەکانمان چەند ماڵێک باخچەیان هەیە بەهۆیەوە ئاو ناگاتە ماڵەکانمان.
ئەو هاونیشتیمانییە دەشڵێت: "سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دارەتوومان کردووە ئاگاداری کێشەکەن و خۆمان قوفڵمان کڕیوە، بەڵام تەنیا یەک دایس لە قوفڵەکە دەکەنەوە، بۆیە ئاو ناگاتە ماڵەکانمان پێویستە قوفڵەکە بە تەواوی بکرێتەوە تاوەکو ئاو بگاتە ئێمەش."
لەبارەی گلەیی ئەو ماڵانە ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەدواداچوون بۆ کێشەی ئەو ماڵانە دەکەین و رێگە نادەین بەهیچ شێوەیەک بۆ بەکارهێنانی باخچەی ماڵان سەرپێچی بکرێتە سەر ئاوی گەڕەک."



