رووداو دیجیتاڵ
لەسەر داوای فەرمانبەران و قوتابیان، گۆڕانکاری لە خشتەی پێدانی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان لە شاری هەولێر بۆ کاتی بەیانیان کرا و کاتەکەی پێشخرا.
رۆژی سێشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە گۆڕینی خشتەی کارکردنی موەلیدەکان لەسەر داواکاریی فەرمانبەران و قوتابیان".
بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، خشتەی کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان بەم شێوەیە دەبێت:
بەیانیان: لە کاژێر 06:30 تاوەکو 08:30ـی بەیانی.
نیوەڕوان و شەوان: لە کاژێر 01:00ـی پاشنیوەڕۆ تاوەکو 01:00ـی شەو (لە کاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا).
سەبارەت بە چۆنیەتیی پارە کۆکردنەوە لە هاوبەشان خۆرانی دەڵێ: "ئەو موەلیدانەی قەرزی هاووڵاتییانیان لەسەر نەماوە و کاژێرەکانی کارکردنی موەلیدەکانیان تەواو بووە، بەردەوام دەبن لە پێدانی کارەبا تاوەکو 30ـی ئەم مانگە (30-11-2026)، ئەوکات کاژێری کارکردنی موەلیدەکانیان لەلایەن لیژنەوە وەردەگیرێ، نرخەکەیان بۆ دیاری دەکرێ و پارە کۆدەکەنەوە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد: "بۆ ئەو موەلیدانەی کە تاوەکو ئێستا تەنیا بەشێک لە ماڵەکان پارەیان داوە و بەشێکی دیکەیان ماوە، دوای تەواوبوونی 165 کاژێر کارکردن پارەی خۆیان کۆدەکەنەوە، دواتریش دەبێت چاوەڕێی کۆتایی مانگ بکەن تاوەکو دیاری بکرێ چەند کاژێری دیکە کاریان کردووە و پاشان پارەکەی وەردەگرن".
بەهۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی کەمبووەوە و لە پارێزگاکان موەلیدە ئەهلییەکان خرانەوە کار.
پێشتر و لە رۆژی 09-11-2026 خۆران خۆرانی بە رووداوی راگەیاند کە بەگوێرەی خشتەکەی پێشوو، کارکردنی موەلیدەکان بەیانیان لە کاژێر 07:00 تاوەکو 09:00 و پاشنیوەڕوانیش لە 01:00 تاوەکو 01:00ـی شەو بوو.
شەوی یەکشەممە، 08-11-2026، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و لە ئەنجامدا بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە راگیرا.




