رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک لە شاری سۆران دەڵێت، لەسەر عارەبانە فینگەر دەفرۆشێت، بەڵام شارەوانی دەستی بەسەر بوتڵی گازەکەیدا گرتووە. سەرۆکی شارەوانیش داوا لەو کاسبکارە دەکات سەردانیان بکات بۆ ئەوەی هاوکاری بکەن.
عەبدوڵڵا سدیق، هاونیشتمانییەکی سۆرانە و ئەمڕۆ سێشەممە 17-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ لە ماڵەکەمدا نییە، هاوژین و منداڵم هەیە؛ منداڵی ساوام هەیە، لە بازاڕدا لەسەر عارەبانە فینگەرم دەفرۆشت، دوێنێ کارمەندانی شارەوانی بوتڵی گازەکەیان بردم".
عەبدوڵڵا سدیق گوتی: "داهاتی رۆژانەم لەو کارەدا 10 هەزار دینار بوو، بەڵام هیچ لە ماڵەکەمدا نییە و بەم سەرمایە نەوتیشم نییە، داوا لە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و سەرۆکی شارەوانی دەکەم شوێنێکی کارکردنم بۆ دابین بکەن، بۆ ئەوەی بتوانم خۆراک بۆ منداڵەکانم دابین بکەم؛ ئێستا بێکار بووم و ژیانم سەختتر بووە".
قیتران حەسەن، سەرۆکی شارەوانیی سۆران ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "من نازانم هۆکار چییە کەرەستەی ئەو کاسبکارە دەستی بەسەردا گیراوە، بێگومان بەدواداچوون دەکەم و هاوکاریی دەکەم".
سەرۆکی شارەوانیی سۆران داوای لەو کاسبکارە کرد سەردانی بکات، بۆ ئەوەی گوێی لە کێشەکەی بگرێت و بەپێی توانا و دەسەڵاتی خۆی هاوکاری بکات.



