رووداو دیجیتاڵ
پێشمەرگەیەک دەڵێت، بۆ هاتووچۆ زیاتر لە کاژێرێک چاوەڕوان دەکات ئۆتۆمبێلێک بیگەیێنێتە شوێنی ئەرکەکەی و داوا دەکات، پاسی تایبەت بۆ هاتووچۆی پێشمەرگە دابین بکرێت. بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت، ئەو داوایە تاوتوێکراوە، بەڵام ئێستا توانای جێبەجێکردنی نییە.
پێشمەرگەکە ڤیدیۆیەکی خۆی بۆ رووداو ناردووە، لەسەر شەقامێک لە سنووری ناحیەی شێلادزێ لە پارێزگای دهۆک بە چوار جانتای پێداویستییەکانییەوە وەستاوە و دەڵێت: "باشە خوا قبووڵ دەکات من دەچمە ئەرک و کاژێر و نیوێک وەستاوم بۆ ئۆتۆمبێلێک؛ دەشڵێن پێشمەرگە و هەموو دونیا، بەڕاستی وا نییە".
ئەو پێشمەرگەیە گوتی: "سلکەکانی دیکە وەکو پەرلەمانتار ئۆتۆمبێلی تایبەتیان پێ دەدرێت، ئێمە داوای ئەوە ناکەین، بەڵکو داواکارین ئۆتۆمبێلی وەکو پاس بۆ هاتووچۆی پێشمەرگە بۆ ئەرکەکەی دابین بکرێت، ناکرێت پێشمەرگە لەم دۆخەدا بژی".
بەرپرسێک لە وەزارەتی پێشمەرگە بە رووداوی گوت: "جگە لە پاسی تایبەت بۆ ئەو پێشمەرگانەی لە سلێمانییەوە دێنە هەولێر و دەوامیان لە وەزارەتە، هیچ پاسێک بۆ هاتووچۆی پێشمەرگە لە ناوچە جیاوازەکان دابین نەکراوە".
ئەو بەرپرسە گوتیشی: "نەک تەنیا پێشمەرگە، ژمارەیەکی زۆر ئەفسەریشمان هەن ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان نییە و بۆ هاتووچۆ کێشەیان بۆ دروست دەبێت، ئەو کێشەیە لە وەزارەت تاوتوێ کراوە، بەڵام جێبەجێکردنی لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بودجەی دەوێت، وەکو زۆر پێویستیی دیکەی پێشمەرگە کە دەبێت جێبەجێ بکرێن دەکرێت لە داهاتوودا کاری لەسەر بکرێت".



