رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان پەڵەهەور و ساماڵ دەبێت و لە دوای نیوەڕۆوە دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور و سبەی لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر باران دەبارێ، کەشناسێک پێشبینی دەکات، زۆرترین باران سبەی لە پارێزگای دهۆک ببارێت.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "سبەی چوارشەممە لە بەیانیدا لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت، پاشان کاریگەریی درێژ دەبێتەوە بۆ سەر سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان: "سبەی لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکووک ئاسمان نیمچەهەور دەبێت، پێشبینیی نمەباران تەنیا لەسەر چەند ناوچەیەکی جیاجیا بە شێوەی پرووشەباران هەیە، لە شەودا کاریگەریی ئەم کەشە ناجێگیرە کۆتایی دێت".
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهێزترین ناوچە بۆ بارانی سبەی پارێزگای دهۆک و بەگشتی دەڤەری بادینانە، پاشان ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر لە ئیدارەی سۆران، بۆ ناو شاری هەولێر بارانێکی کەم پێشبینی دەکرێ".
موفتی پێشبینی دەکات: "شەپۆلەکە بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زۆر لاوازە و مەگەر لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەو دوو پارێزگایە نمەبارانی کورتخایەن ببارێت، لە کەرکووک و گەرمیان پێشبینیی بارانبارین ناکرێت".
پلەی گەرمای سبەی بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 19 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 20 پلەی سیلیزی
دهۆک: 17 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 22 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 22 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 18 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 19 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 24 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 14 پلەی سیلیزی
پیرمام: 17 پلەی سیلیزی



