رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بۆ رێکخستنەوەی سیمای شار و پاراستنی مافی پیادەڕەوان، کۆشک، عارەبانە و دووکانە گەڕۆکەکانی سەر شەقامەکان دەخاتە زیادکردنی ئاشکراوە؛ بڕیارەکەش کرێکارە بیانییەکان دەگرێتەوە.
ریاز محەممەد حوسێن، کاسبکارێکی خاوەن کۆشکە کە کۆشکەکەی بەرامبەر فاملی مۆڵ لادراوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چوار مانگ و نیوە کۆشکەکەیان لابردووە و وەڵاممان نادەنەوە."
ئەو کاسبکار گوتیشی: "من ئامادەم بە کرێی ساڵانە وەریبگرم و پارە بدەم، تەنیا رێگەم بدەن دەست بە کارەکەم بکەمەوە؛ تەنانەت مۆڵەتی فەرمی و قایمقامییەتمان هەبووە، بەڵام شارەوانی بەردەوامە لە رێگری."
کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، بە رووداوی راگەیاند، رایگەیاند: "سەرجەم کۆشک و عارەبانەکانی سەر شەقامەکان دەخرێنە زیادکردنی ئاشکراوە؛ ئەم بڕیارە تەنانەت ئەوانەش دەگرێتەوە کە لە رابردوودا مۆڵەتیان وەرگرتووە."
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد کە رێکارەکان کرێکارە بیانییەکانیش دەگرێتەوە کە بە ناوی فرۆشتنەوە لە شەقامەکاندا کار دەکەن.
شارەوانیی هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە کە مەبەست لەم هەڵمەتە پاراستنی مافی پیادە و رێگریکردنە لە شێواندنی دیمەنی گشتیی شار، لە هەمان کاتدا پرۆسەکە بە جۆرێک رێکدەخەن کە کەمترین زیان بە بژێویی کاسبکاران بگات.



