رووداو دیجیتاڵ
لێپرسراوی جین بانکی رووەکی لە هەرێمی کوردستان داوا دەکات چاندنی گەنم و جۆ لە سلێمانی و هەڵەبجە تاوەکو 15ی مانگی 12 دوابخرێ. دەشڵێت لە هەولێر و کەرکووک ئەگەر بکەوێتە کۆتایی مانگی 12ـەوە ئاساییە.
زانا محەممەد دەباغ، لێپرسراوی جین بانکی رووەکی لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 17-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ چاندنی هەر بەرهەمێک وەکو دانەوێڵە ستراتیژییەکانی گەنم، جۆ و بەرهەمە زستانییەکان بێت یان برنج، کونجی و گەنمە شامی، پلەی گەرمیی گونجاو و شێی گونجاو پێویستە، ساڵانی رابردوو چاندن زوو دەکرا، ئێستا پێشنیاز دەکەین دوابخرێت".
سەبارەت بە هۆکاری داواکارییەکەی، زانا محەممەد گوتی: "لە دوو ساڵی رابردوودا لە کاتی گوڵکردنی گەنم، جۆ، نیسک و پاقلەدا لە مانگەکانی ئادار و نیسان پلەی گەرما زۆر دابەزیوە و زیانی بە بەرهەمەکان گەیاندووە".
د. قارەمان قادر، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ نزیکەی سێ ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان شیاون بۆ چاندنی دانەوێڵە، لەو بڕە دوو ملیۆن و 400 هەزار دۆنمیان دێمییە و ئەوی دیکەی بەرئاوە. هەروەها پلانی چاندن رەوانەی بەغدا کراوە".
زانا دەباغ گوتی: "کاتێک دانەوێڵە گوڵ دەکات پێویستی بە پلەی گەرمای 13 پلەی سیلیزی دەبێت، بۆیە ئێستا چاندن زیاتر دوابکەوێت باشترە؛ جاران لە 15ی مانگی 10 بۆ 15ی مانگی 11 چاندن دەکرا، ئێستا باشتر وایە لە ئێستاوە 15ی مانگی داهاتوو بکرێت بۆ سنووری پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی کە کەشیان لەیەکەوە نزیکە".
لەبارەی چاندن لە پارێزگای هەولێر و ناوچەکانی دیکە وەکو کەرکووک، لێپرسراوی جین بانکی رووەکی لە هەرێمی کوردستان گوتی: "بۆ هەولێر و ناوچە گەرمەکان چاندن تاوەکو کۆتایی مانگی 12 تەواو ئاساییە".
بەرهەمی دانەوێڵە لە هەرێمی کوردستان ساڵانە دەگاتە زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن، لە کاتێکدا ئەم ساڵ و پار حکومەتی عێراق هەر ساڵێک تەنیا 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، هەروەها ساڵی 2024 حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرتبوو.



