رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی دەڤەری دوو کراوە کە ژمارەیان نزیکەی 10 هەزار خانەنشینە.
رۆژی دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی دەڤەری دوو کرا، کە نزیکەی 10 هەزار خانەنشین دەبن و مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە."
لەبارەی کاتی دابەشکردنی مووچەی ئەو خانەنشینانەوە، فەتحوڵڵا عومەر گوتی: "مانگانە مووچەکانیان دەکەوێتە دوای مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و بۆ ئەم مانگەش ئەمڕۆ دابەشکردنەکە دەستیپێکرد."
ئەم خانەنشینانەی پێشمەرگە کە سەر بە دەڤەری دوون و ژمارەیان دەگاتە نۆ هەزار و 800 کەس، بەهۆی ئەوەی میلاکیان لەسەر وەزارەتی دارایی نییە، مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ دابەش دەکرێت و بەو هۆیەشەوە بەردەوام دابەشکردنی مووچەکانیان دوادەکەوێت.
بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی دارایی رەزامەندییان داوە بۆ گواستنەوەی میلاکیان، بەڵام تەنیا رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران ماوە.
ئەم کێشە کارگێڕییە وایکردووە کە خانەنشینانی دەڤەری دوو، بە پێچەوانەی خانەنشینانی دیکەی مەدەنی و سەربازی، مووچەکانیان لە لیستی کۆتاییدا بێت.




.jpg&w=3840&q=75)