رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری قەزای شێخان بارهەڵگرێک خۆی بە دوو کاسبکاری کۆمەڵگەی چڕەدا کێشا و بەهۆیەوە هەردووکیان گیانیان لەدەستدا؛ بەڕێوەبەری تەندروستیی قەزاکەش رایگەیاند شۆفێری بارهەڵگرەکە، کە هاووڵاتیی تورکیایە دەستگیر کراوە.
رۆژی دووشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2026، د. کەریم کەمال، بەڕێوەبەری تەندروستیی قەزای شێخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیک کاژێر 01:30ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سەرەتای کۆمەڵگەی چڕە، بارهەڵگرێک (ترێلە) کە لەسەر پردەکەوە بە خێراییەکی زۆر هاتووە، خۆی بە شوێنی کارکردنی دوو کاسبکاردا کێشاوە کە لەوێ سەرقاڵی فرۆشتنی کەلوپەل بوون."
بە گوتەی بەڕێوەبەری تەندروستیی شێخان، قوربانییەکان ناویان (نەوزاد ئەحمەد) و (تاریق عەزیز ئەحمەد)ـە و هەردووکیان خەڵکی کۆمەڵگەی چڕەن.
د. کەریم کەمال گوتی: "نەوزاد هەر لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستدا، تاریق عەزیزیش دوای ئەوەی بە برینداری رەوانەی نەخۆشخانە کرا، نزیک کاژێر 04:00ـی ئێوارە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا."
لەبارەی شۆفێری بارهەڵگرەکەوە، بەڕێوەبەری تەندروستیی قەزای شێخان دەڵێت، بارهەڵگرەکە تورکی بووە و شۆفێرەکەشی کە هاووڵاتیی تورکیایە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراوە.




.jpg&w=3840&q=75)