رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان هەواڵی ناڕازیبوونی عەلی باپیر لە پێشوازیکردن لە شاسوار عەبدولواحید رەتدەکاتەوە و دەڵێت، رەتکردنەوەی پێشوازیکردن لە هیچ کەس و لایەنێک لەگەڵ رەوشتی دینداری و کەسایەتیی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریدا ناوەشێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، نووسینگەی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک سەبارەت بە ناڕازیبوونی مامۆستا عەلی باپیر لە پێشوازیکردن لە بەڕێز شاسوار عەبدولواحید، رایدەگەیەنین؛ ئەو کۆبوونەوەیەی لە 15ی تشرینی دووەمی 2026 لە نێوان کۆمەڵی دادگەری و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کرا، تایبەت بوو بە کۆبوونەوەی ئەو دوو لایەنە."
دوێنێ، شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی سەردانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستانی لە سلێمانی کرد و لەگەڵ عەلی باپیر و سەرکردایەتیی ئەو حیزبە کۆبووەوە.
نووسینگەی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "رەتکردنەوەی پێشوازیکردن لە هەر بەڕێز و لایەنێک، لەگەڵ رەوشتی دینداری و کەسایەتیی مامۆستا عەلی باپیر ناوەشێتەوە."
هەر دوێنێ، محەممەد حەکیم، گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: "سەردانەکەی یەکێتی بۆ گفتوگۆکردن بوو دەربارەی ئەو لێکەوتانەی دوای دانیشتنی پەرلەمان هەبوون و ئەو دۆخە سیاسییەی ئێستا لە کوردستان هەیە."
ئەو سەردانانە دوای ئەوە دێن کە پەرلەمانی کوردستان دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە (تشرینی یەکەمی 2024)، کۆبووەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژارد؛ هەنگاوێک کە کاردانەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا و بڕیاری دا لە حکومەت بکشێتەوە.




.jpg&w=3840&q=75)