رووداو دیجیتاڵ
دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق بڕیاری دا ئەپلیکەیشنی تەلەگرام لە عێراق رابگرێت. گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمییان لە دەستەکەوە لەبارەی داخستنی پلاتفۆرمەکە بەدەست نەگەیشتووە.
رۆژی دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەبارەت بە داخستنی هەر پلاتفۆرمێکی خزمەتگوزاریی گەیاندن، تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێکمان لە دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقەوە بە دەست نەگەیشتووە."
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوە دا، لە کاتی گەیشتنی نووسراوی فەرمی بۆ ئەم بابەتە یاخود هەر بابەتێکی دیکە، دوای بەدواداچوون بۆ رەهەندەکانی بڕیارەکە و وەرگرتنی بۆچوونی دەزگا تایبەتمەندەکان لە رووی یاسایی و ئەمنییەوە بڕیاری لەسەر دەدەن.
بە گوتەی دیلام رەشاد، بڕیارەکەیان "لەژێر رۆشنایی یاسای وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ژمارە 19ـی ساڵی 2011 و لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و پێشکێشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی گەیاندن بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەبێت".
ئەمڕۆ دووشەممە دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق بڕیاری دا ئەپلیکەیشنی تەلەگرام لە عێراق رابگرێت و ماوەی 30 رۆژ مۆڵەتی بە کۆمپانیاکە داوە بۆ ئەوەی دۆخی یاسایی خۆی لە وڵاتەکەدا رێکبخات.
دەستەکە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیارەکە پاڵپشت بە رێنمایی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەو دەسەڵاتانەی یاسا پێیداون، دەرکراوە.
دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق هۆکاری بڕیارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە : "کۆمپانیاکە رێکاری پێویستی بۆ چارەسەرکردنی ئەو نێوەڕۆکە سەرپێچیکارانە نەگرتووەتەبەر کە لە رێی پلاتفۆرمەکەوە بڵاودەکرێنەوە و پابەندی یاسا عێراقییەکان نەبووە، ئەمەش وایکرد ئەم رێکارە رێکخراوەییە دژی بگیرێتەبەر، لەگەڵ پێدانی مۆڵەتی 30 رۆژ بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆخی یاسایی خۆی."


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
