رووداو دیجیتاڵ
ژنێک لە هەولێر دەڵێ، هاوژینەکەی پێشمەرگەیە و جەڵتە لێی داوە و پێویستی بە مۆڵەتی قوتابخانەکەیە بۆ شەش مانگ بۆ هاوکاریکردنی هاوژینەکەی، بەڵام پەروەردە مۆڵەتی پێ نادەن. بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە دەڵێ، سەردانی بکات و بەگوێرەی رێنماییەکان هاوکاری دەکەن.
هاژە محەممەد، هاونیشتمانییەکە لە گەڕەکی شێخ ئەحمەد لە شاری هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاوژینەکەم پێشمەرگەیە و جەڵتەی دەماخ لێی داوە، پێویستیی زۆری بە هاوکاریی منە. منیش نووسەرم لە قوتابخانەیەک و داوای شەش مانگ مۆڵەتم کردووە کە پێم نادرێ".
ئەو هاونیشتمانییە داوا لە وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر دەکات هاوکاریی بکەن و مۆڵەتی پێ بدەن و دەشڵێ: "مامەڵەم کردووە. دەڵێن مۆڵەتی شەش مانگی نابێت و بەگوێرەی رێنمایی، دەبێت دوو ساڵ بێت. من کرێچیم و پێنج منداڵ و هاوژینێکی نەخۆشم هەیە، بە ناچاری دەڵێم باشە دوو ساڵەکەیشم قبووڵە بەس مۆڵەتەکەم پێ بدرێ".
ئەو هاونیشتمانییە چوار کچ و کوڕێکی هەیە و پزیشکەکان رێنماییان کردوون، کە شەش مانگ هاوژینەکەی چارەسەری سرووشتی وەربگرێ و داوا دەکات: "هەرکەس دەتوانێت هاوکاریمان بکات، سوپاسی دەکەین لەم دۆخەدا پشتیوانیمان بکات".
لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێدانی مۆڵەت رێنمایی خۆی هەیە. ئەو ئافرەتە با سەردانمان بکات و بەگوێرەی رێنماییەکان هاوکاری دەکەین".
.jpg&w=3840&q=75)


