رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک لە سلێمانی دەڵێ، منداڵەکەی ناچار کراوە پارە بۆ قوتابخانە ببات بە مەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزاری. قوتابخانەکە رەتی دەکاتەوە هیچ قوتابییەک ناچار کرابێت و بەڕێوەبەری پەروەردەش دەڵێ، بەدواداچوون دەکەن.
ئەمڕۆ هاونیشتمانییەک لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە قوتابخانەی جەمال عەبدول لە شاری مامۆستایان لە سلێمانی، مانگانە پاکەتێک دەدەنە منداڵەکانمان بۆ ئەوەی پارەی تێدا ببەن بۆ قوتابخانە کە بۆ مووچەی کارگوزار و پێداویستییەکانی قوتابخانەکە خەرج دەکرێ".
ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "قوتابی ئازاد کراوە چەند پارە ببات، بەڵام ئێمە دەڵێین بۆچی منداڵ پارە بۆ خزمەتگوزاری بدات، کە ئەوە دەبێت حکومەت بیکات نەوەک مامۆستا و قوتابی".
کارگێڕیی قوتابخانەی جەمال عەبدول بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوە هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە وەک مامۆستا. ئەنجوومەنێکی دایبابمان هەیە کە دایک و باوکی قوتابییەکان پێکیانهێناوە و بۆ پێداویستی داوای هاوکاری لە قوتابییەکان دەکەن. پارەکەش بۆ خۆیان خەرج دەکرێتەوە و هیچ قوتابییەکیش ناچار ناکرێ بە زۆر پارە بدات".
کارگێڕیی قوتابخانەکە ئاماژە بەوە دەکات، نەوەک تەنیا لای ئەوان، لە زۆرینەی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستاندا هەندێک جار بۆ پێداویستیی قوتابخانەکان پارە وەک هاوکاری کۆدەکرێتەوە، بەڵام گوشار لە کەس ناکرێ؛ دەشڵێ: "کارگوزارمان نییە و مامۆستاکان قوتابخانە خاوێن دەکەنەوە. ئێمە هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە خزمەتی زیاتری قوتابییان بکەین و کەشێکی لەباریان بۆ بڕەخسێنین".
نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە رووداوی گوت، بەدواداچوون بۆ داواکاریی ئەو هاونیشتمانییە دەکات.

.jpg&w=3840&q=75)

