رووداو دیجیتاڵ
دیلمان لوقمان، کچێکی تەمەن 20 ساڵان، لە سکماکییەوە دڵی کونە و نەخۆشییەکە ژیانی لێ تاڵ کردووە. ئەو لە تەمەنی 10 ساڵیدا بە هاوکاریی خێرخوازان نەشتەرگەرییەکی لە هیندستان بۆ کراوە، بەڵام ئێستا تەندروستیی ناجێگیرە و بەپێی گوتەی پزیشکەکان، ژیانی لە مەترسیدایە و پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی دیکە هەیە کە لە هەرێمی کوردستان ناکرێت و خەرجییەکەی لەنێوان 15 بۆ 20 هەزار دۆلارە.
دیلمان، بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە 6 ساڵ لە خوێندن دابڕاوە و ئێستا لەگەڵ خوشکە 14 ساڵانەکەی لە پۆلی حەوتی بنەڕەتی دەخوێنێت. ئەو لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "زوو هیلاک دەبم، هەناسەم توند دەبێت و ناتوانم کاری ماڵەوە بکەم. لە قوتابخانە زۆرجار لەهۆش خۆم دەچم و مامۆستاکانم دەمهێننەوە ماڵەوە." دیلمان، رۆژانە چەند جۆرێک دەرمان بەکاردەهێنێت کە خێرخوازان بۆی دابین دەکەن، بەڵام چارەسەری سەرەکیی نەشتەرگەرییە.
لوقمان نووری، باوکی دیلمان، پێشمەرگەی خانەنشینە و مووچەکەی (518 هەزار دینار)ـە و لە بازاڕی شێخەڵڵای هەولێر حەماڵی دەکات، بژێوی ژیانی خۆی و دوو کچەکەی دابین دەکات. لوقمان، کە 10 ساڵە لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە و خۆی ئەرکی دایکایەتیش بۆ کچەکانی دەبینێت، دەڵێت: "خۆشم چەندین نەخۆشیم هەیە، بەڵام لەبەر کچەکانم باسی ناکەم. توانام نییە کچەکەم بۆ چارەسەر ببەمە دەرەوەی وڵات."
دکتۆر پەروین نووری، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ لە منداڵان، کە سەرپەرشتیی تەندروستیی دیلمان دەکات، لە (بەرپرسیار) گوتی: "دیلمان بە سکماکی یەک زمانەی دڵی هەیە. نەشتەرگەریی یەکەمی کاتی بووە و دەبوو زووتر نەشتەرگەریی دووەمی بۆ بکرایە (بەستنەوەی خوێنهێنەری خوارەوەی لەش بە سییەکان) کە پێی دەگوترێت (فۆنتان) و لە هەرێمی کوردستان ناکرێت."
بە گوتەی دکتۆر پەروین، دواکەوتنی نەشتەرگەرییەکە بووەتە هۆی تێکچوونی لێدانی دڵی دیلمان و ئێستا پێویستی بە دانانی پاتریش هەیە. ئەو دەڵێت: "باشتر وایە هەردوو نەشتەرگەرییەکە (فۆنتان و دانانی پاتری) پێکەوە لە دەرەوەی وڵات بۆی بکرێن. نەشتەرگەرییەکە لە تورکیا و هیندستان دەکرێت و تێچووەکەی نزیکەی 15 بۆ 20 هەزار دۆلارە."
پزیشکەکەی هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ئێستا مەترسی لەسەر ژیانی ئەو کچە هەیە، چونکە ئەگەری هەیە دڵی لە لێدان بکەوێت."
ئەو خێزانە لە گەڕەکی پیرزینی هەولێر لە خانووی کرێدا دەژین. خێزانەکەی دیلمان، بەهۆی دۆخی خراپی داراییانەوە، چاویان لە دەستی خێرخوازانە بۆ ئەوەی بتوانن نەشتەرگەرییەکە بۆ کچەکەیان بکەن و ژیانی لە مەترسی رزگار بکەن.
