رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەشەخۆراکی سلێمانی دەڵێ، بە پێی سیستمی نوێی فۆرمی ئەلکترۆنیی خۆراک، هەر هاونیشتمانییەک لە دەرەوەی عێراق بێت، خۆکارانە بەشە خۆراکەکەی دەبڕدرێ تاوەکو ئەو کاتەی دەگەڕێتەوە.
ئەمرۆ یەکشەممە 15ی تشرینی دووەمی 2026، ئاراس محەممەد، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک لە سلێمانی بە رووداوی گوت: "فۆرمی خۆراک کە ئێستا بە شێوەی ئەلکترۆنییە، سیستمی لۆکەیشنی تێدایە و هەر هاونیشتمانییەک لۆکەیشنی لە دەرەوەی عێراق بێت، سیستمەکە خۆکارانە بەشە خۆراکی مانگانەی دەبڕێ."
ئاراس محەممەد گوتی: "بۆ خۆتۆمارکردن لە سیستمی نوێی فۆرمی خۆراک، پێویستە هاونیشتمانییان ئەپلیکەیشنەکە لە مۆبایلەکانیاندا بکەنەوە، دواتر سیستمەکە داوای لۆکەیشنیان لێدەکات. کاتێک لۆکەیشنەکە لە دەرەوەی عێراق بێت، خۆکارانە بەشە خۆراکەکە دەبڕێ."
سەبارەت بەو کەسانەی بەشە خۆراکیان دەبڕدرێ، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک روونی کردەوە کە "دوای گەڕانەوەیان بۆ عێراق، دەتوانن ناوی خۆیان تۆماربکەنەوە و بەشە خۆراکی مانگانەیان بۆ دەگەڕێتەوە."
لەبارەی ئەو هاونیشتمانییانەی لە هەرێمی کوردستان ناوی خۆیان تۆمارکردووە و دواتر چوونەتە دەرەوەی وڵات، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر بۆ یەک خولەک بچنە نێو ئەپلیکەیشنەکەوە راستەوخۆ لۆکەیشنەکەی دەکەوێتە کار و دەزانرێ لە نێو عێراق نییە و بەشە خۆراکەکەی دەبڕێ.
