رووداو دیجیتاڵ
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی سەردانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستانی کرد و لەگەڵ عەلی باپیر و سەرکردایەتی ئەو حیزبە کۆبووەوە. گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریش دەڵێ، کۆبوونەوەکە تەنیا بۆ گفتوگۆکردن بووە لەسەر دۆخی سیاسی و لێکەوتەکانی دانیشتنی پەرلەمان.
رۆژی یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، محەممەد حەکیم، گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند: "سەردانەکەی یەکێتی بۆ گفتوگۆکردن بوو دەربارەی ئەو لێکەوتانەی دوای دانیشتنی پەرلەمان هەبوون و ئەو دۆخە سیاسییەی ئێستا لە کوردستان هەیە".
دوای نیوەڕۆ ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەردانی کۆمەڵی دادگەری کرد لە سلێمانی و لەگەڵ عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری و ئەندامانی سەرکردایەتیی کۆبوونەوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دوای تەواوبوونی ئەم کۆبوونەوەیە لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری، بڕیارە شاندەکەی یەکێتی سەردانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش بکات.
پەرلەمانی کوردستان دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە (تشرینی یەکەمی 2024) کۆبووەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژارد. ئەم هەنگاوە کاردانەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا و بڕیاری دا لە حکومەت بکشێتەوە.


